ئەستێرەیەكی ریال مەدرید لە وەرگرتنی خەڵاتی باڵۆن دۆر نزیكە

رۆژی 28ـی ئەم مانگە لە پاریس خەڵاتی باڵۆن دۆری 2024 دەبەخشرێت

خەڵاتی باڵۆن دۆر كە لە لایەن گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ دەبەخشرێت
خەڵاتی باڵۆن دۆر كە لە لایەن گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ دەبەخشرێت

بە گوێرەی سەرچاوەیەكی راگەیاندنی نزیك لە یانەی ریال مەدرید، ڤینسیۆس جۆنیۆر خەڵاتی باڵۆن دۆری 2024ـی مسۆگەر كردووە و هەفتەی داهاتوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە سەردانی پاریس دەكات.
ڕۆژنامەی "مارکا" لە نوێترین راپۆرتی دا رایگەیاند ڤینیسیۆس جونیۆر ئەو کەسەیە کە ئەمساڵ خەڵاتی "فرانس فوتبۆڵ"ـی پێدەبەخشرێت، لە ئێستادا ئیدارەی ڕیال مەدرید دەستیان کردووە بە ئامادەکاری بۆ رێكخستنی گەشتی ڤینسیۆس بۆ پاریس بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، سەرەڕای بوونی چەندان ئەستێرەی وەكو بێلینگهام، ئێمباپێ و هالاند كە ململانێی وەرگرتنی خەڵاتەكەیان دەكرد، بەڵام ڤینسیۆس بەسەر هەموویاندا زاڵبووە و خەڵاتەكەی مسۆگەر كردووە.
ئەستێرە بەرازیلییەكەی ریال مەدرید، وەرزی رابردوو رۆڵی كاریگەری هەبوو لە بردنەوەی نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگ، بەهۆی ئەو ئاستە جادووییەی پێشكەشی كردووە بە نزیكترین یاریزان دادەنرێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باڵۆن دۆر.
لە لایەكی دیكەیشەوە، ڕۆژنامەی ئاس ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ستایشی ئاستی ئەستێرە بەڕازیلییەکەی کردووە و نووسیویەتی: ڤینی دوای ئەو ئاستە بەرزەی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ پێشكەشی كرد، سەلمانی كە شایستەی وەرگرتنی خەڵاتی باڵۆن دۆرە، چونكە ڤینی یاریزانێكە زۆر بە خێرایی بەربەستی بەرگریكارەكان دەبڕێت و بەشداریی لە تۆماركردنی گۆڵ دەكات.
ئاس هێمای بۆ ئەوەش كردووە ساتێكی مێژوویی چاوەڕێی ڤینسیۆس دەكات و لە رۆژی 28ـی ئەم مانگە لە هۆڵی شاتێلێت لە پاریس ڤینی بۆ یەكەمجار خەڵاتی تۆپی زێرین دەباتەوە.