رووماڵ

عەلی تەتەر: هیچ سکاڵایەک لە پارێزگای دهۆک تۆمارنەکراوە و ڕێژەی بەشداریی بەرزبووە

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

پارێزگاری دهۆک ڕایدەگەیەنێت: هیچ سکاڵایەک لە پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمار نەکراوە، دەشڵێت: ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتییان لە پارێزگای دهۆک بۆ هەڵبژاردن بەرزبووە، بەڵام ئەگەر کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر نەبووایە، ڕێژەکە زۆر بەرزتر دەبوو.

دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، سوپاسی هەموو ئەوانەی کرد کە هەوڵیاندا هەڵبژاردنەکە سەر بکەوێت ، دەشڵێت:  لە کاتژمێر 7ـی بەیانی تا 6ـی ئێوارە هیچ سکاڵایەک لە دهۆک تۆمار نەکرا، هەندێک گرفت هەبوون لەڕووی تەکنیکییەوە، زوو چارەکران، ئێوارە چەند ئامێرێک لەکار کەوتن.

عەلی تەتەر  پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و دهۆک کرد بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، گوتی: ئەوە پرۆسەیەکی دیموکراسی و شارستانییە کە وێنای کۆمەڵگەی کوردستان دەکات،گوتیشی: ئەوە سەرکەوتنە بۆ کوردستان و هەموو خەڵکی کوردستان.

پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان نەیانتوانی دەنگ بدەن بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان، ئەوەش هۆکاری تەکنیکی بوو، بەڵام پرۆسەکە بە سەرکەوتووی بەڕێوەچوو.

گوتیشی: هەر داتایەکی جگەلە کۆمیسۆن ڕایدەگەیەنێت، فەرمی نییە، ڕێژەی بەشداریی لە پارێزگای دهۆک بەرزبوو، ئەگەر کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر نەبووایە، ڕێژەکە بەرزتر دەبوو.