پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
سەرکەوتنی پرۆسەی هەلبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بوو لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەی دیموکراسیدا.
بەم بۆنەوە ، پیرۆزبایی لە سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەکەم.سوپاسی خۆڕاگری و بەشداریی کارای هاووڵاتییان و بە تایبەت خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم.
سوپاسی کۆمیسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەم بۆ ئەنجامدان و سەرپەرشتیکردنی ئەم پرۆسەیە و دەستخۆشییان لێ دەکەم. هەرچەندە بەشدارینەکردنی ڕێژەیەکی زۆری هاووڵاتیان بە هۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بووە جێگەی نیگەرانیمان، بۆیە پێویستە هەوڵی جددی بدرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن و مافی دەنگدانی هەر هاووڵاتییەک بە تەواوەتی مسۆگەر بکرێت.
سوپاسێکی تایبەت بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ئەو کەشە هێمنەی بۆ هەڵبژاردنیان ڕەخساند.
سوپاس بۆ چاودێرە نێودەوڵەتیەکان کە گەواهیدەری ئەم سەرکەوتنە بوون.
سوپاسی گشت لایەنە سیاسییەکان دەکەم بۆ بەشدارییان لەم هەڵبژاردنە و هاوکارییان بۆ سەرکەوتنی.
پەنا بە خوا و بە پاڵپشتی هاووڵاتیانی دڵسۆزمان، ئومێد دەخوازم بە هەبوونی پەرلەمانێکی کارا و بە بەشداریی دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران، بتواندرێت هەرچی زووتر، کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم بخرێتە خزمەتی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی و پێشکەوتنی زیاتری هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/10/20