رووماڵ

قاسم ئەعرەجی پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەکە لە حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات.

دووشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیاندراوێکدا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە  حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتنی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق دادەنرێت.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە، سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئیرادەی هەرێم پشتڕاست دەکاتەوە بۆ درێژەدان بە پرۆسەی دیموکراسی و چەسپاندنی بنەماکانی و ڕێزگرتن لە کاتە دەستوورییەکانی".