رووماڵ

هۆگر چەتۆ: لە هەڵبژاردنی گشتیدا 124 سكاڵا تۆمار کراوە

سەرۆکی ڕێکخراوی تۆڕی شەمس ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی چاودێریکردنمان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن لە بەیانی زووەوە تا درەنگانی شەو ، 124 سکاڵای لایەنە سیاسییەکانمان تۆمار کردووە کە سکاڵایان هەبووە لەسەر کۆی پرۆسەکە."

دووشەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2024، هۆگر چەتۆ، سەرۆکی ڕێکخراوی تۆڕی شەمس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە ڕۆژی دەنگداندا بەشێک لە بنکەکانی دەنگدان بە  جێبەجێکردنی بڕیارەکان دڵخۆش بوون، ئەمەش بەهۆی ئەو توانایەی کە لە شێوازی بەڕێوەبەردنی کارمەندانی کۆمیسیۆن هەیان بووە."
سەرۆکی ڕێکخراوی تۆڕی شەمس، جۆری سەرپێچییەکانی بەم شێوەی خوارەوە ڕاگەیاند:


- خاڵی یەکەم، لە بەشێکی فراوانی بنکەکانی دەنگدان، چاودێرەکانمان بە پێی ئەو چاودێرییەی کە کردوویانە، هەڵمەتی پروپاگەندەیان بینیوە بە شێواز و ڕێگەی جیاواز، کە ڕۆژی بێدەنگیی هەڵمەتی پروپاگەندەیە، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش قەدەغەیە پروپاگەندەی هەڵبژاردن لە وێستگەی دەنگدان هەبێت.

- خاڵی دووەم، چاودێرەکانمان بە شێک لە دواکەوتنی بنکەکانی دەنگدانیان تێبینی کردووە، دواتر لە ڕاپۆرتێکی درێژ بە داتا و ژمارە لە بەردەستمان دەبێت و دابەشی دەکەین بەسەر ڕاگەیاندنەکاندا.

- خاڵێکی سێیەم، بە شێوەی جیاواز و بەردەوام جا لە دەستپێکی پرۆسەی هەڵبژاردن بێت، یاخود ناوەراست یان لە کۆتایی هەژمار کردنی دەنگەکان، تێبینی دوورخستنەوەی بریکاری لایەنی سیاسی و چاودێرانی ئێمەش کراوە و  لەلایەن چاودێرانەوە تۆمار کراوە.

خاڵی چوارەم، دیاردەیەکی نا تەندروست کە شکاندنی نهێنی دەنگدانە، بە بەکارهێنانی موبایل، کە ئاماژەمان پێ دابوو کە دەبێت ئەم دیاردەیە ڕابگیرێت، بەڵام موبایل دەبرایە ژوورەکانی دەنگدان و وێنەی پسولەی دەنگەکان دەگیرا.

خاڵی پێنجەم، بوونی توندوتیژیی لە کاتی هەڵبژاردن لە نێوان کارمەندانی کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان، کارمەندان و دەنگدەران، بریکاری لایەنە سیاسییەکان، چەندان حاڵەتی توندوتیژی لەلایەن چاودێرەکانمانەوە تۆمار کردووە، لە ڕاپۆرتەکەماندا ئاماژەی پێ دەدەین.

خاڵی شەشەم، گرفتێکی دیکە نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران، کە چاودێرانمان لە زۆربەی بنکەکان تێبینی ئەوەیان کرد کە ئەو 23 کەسەی کە ڕێگە درابوو بە تێپەڕاندنی دەنگی پەنجە مۆر، خەڵکێکیش دەهات بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجە مۆر بێ بەش دەبوون لە دەنگدان لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیی.

خاڵی حەوتەم،  124 سکاڵای لایەنە سیاسییەکانمان تۆمار کردووە کە سکاڵایان هەبووە لەسەر کۆی پرۆسەکە.

خاڵی هەشتەم، لە چوارچێوەی چاودێریمان، چاودێری 34 حاڵەتی نەبوونی هاوتاکردنی هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی و هەژمارکردنی دەستی ڕووی داوە لە چوارچیوەی ئەو پرۆسەیەی کە کراوە.