16ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە هەمەجۆریی بایۆلۆجی بەڕێوە دەچێت

16ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە هەمەجۆریی بایۆلۆجی
16ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە هەمەجۆریی بایۆلۆجی

ئەمڕۆ دووشەممە، 21-10-2024، 16ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە هەمەجۆریی بایۆلۆجی (COP16) لە شاری کالێی کۆڵۆمبیا، بە بەشداریی 196 وڵات، بە دروشمی "گواستنەوە لە قسەوە بۆ کردار" دەستی پێ کرد. 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کۆنفرانسەکەوە ڕایگەیاند "لەناوبردنی سروشت دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ململانێ، برسێتی و نەخۆشیی، هەژاریی، نایەکسانی و گۆڕانی کەشوهەوا." 

داوای لە دانوستانکاران کرد "کالی بە وەبەرهێنانی بەرچاو لە سندوقەکانی چوارچێوەی جیهانی جۆراوجۆری زیندوودا بەجێ بهێڵن، و پابەندبوون بە کۆکردنەوەی سەرچاوەی دیکەی دارایی گشتی و تایبەت بۆ جێبەجێکردنی بە تەواوی."

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە "داڕمانی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لەلایەن سروشتەوە پێشکەش دەکرێن، دەبێتە هۆی زیانێکی ساڵانە بە بڕی یەک تریلیۆن دۆلار بۆ ئابووری جیهانی و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی زۆرینەی خەڵک دەبێت."

هەروەها سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە ئاستەنگە گەورەکانی دیکەی بەردەم کۆنفرانسەکە کرد، لەوانە "چەتەیی بایۆلۆجی" کە ئەو دەستەواژەیە بە واتای قۆستنەوەی سەرچاوەکانی ئابووریی جۆراوجۆری بایۆلۆجی بەبێ ئەوەی سوودەکانی لەگەڵ کەسانێک کە پاراستوویانە بەش بکرێن. 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئاماژەی بەوەشکرد "وڵاتانی گەشەسەندوو تاڵان دەکرێن" و بە پێویستیشی زانی "ئەوانەی سوود لە سرووشت وەردەگرن دەبێت بەشداری بکەن لە پاراستن و گەڕاندنەوەیدا."