سوودانی کوژرانی "والیی عێراق" و هەشت سەرکردەی دیکەی داعشی ڕاگەیاند
سەرۆک وەزیرانی عێراق کوژرانی "والیی عێراق" و هەشت گەورە سەرکردەی دیکەی داعشی لە باشووری کەرکووک ڕاگەیاند.
سێشەممە، 22-10-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا "کوژرانی والیی عێراق و هەشت گەورە سەرکردەی دیکەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی لە زنجیرەچیای حەمرین، لە باشووری کەرکووک ڕاگەیاند."
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەو بەرپرسانەی داعش لەنێو حەشارگەیەکی زنجیرەچیای حەمرین خۆیان حەشاردابوو و لە ئۆپەراسیۆنێکی ناوازە و قارەمانانەی دژەتیرۆر و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و لە ژێر چاودێری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا کوژراون."
سوودانی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دووپاتی کردووەتەوە "هیچ شوێنێک بۆ تیرۆریستان لە عێراقدا نییە و تا حەشارگەکانیان بەدوایاندا دەڕۆین و لەناویان دەبەین، تا ئەو کاتەی خاکی عێراقیان لێ پاک دەکەینەوە."