رووماڵ

نەتەوەیەکگرتووەکان بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان دەکات

نەتەوەیەکگرتووەکان
نەتەوەیەکگرتووەکان

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان و گەلەکەی کرد و، ئاماژەی بەوە دا، هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئارام و هێمنانە بەڕێوەچوو.

سێشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024، فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنی پرۆسەکە پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی گەیاندە هەرێمی کوردستان و گەلەکەی.

جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوە دا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی ئارام و هێمنانە بەڕێوەچوو.

فەرحان حەق، گوتی: سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان هانی هەموو سەرکردە سیاسییەکان و چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە دەدات بۆ بەردەوامبوون لە پاراستنی کەشێکی ئارام، هاوکات داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات هەر ناکۆکییەکی هەڵبژاردن لە ڕێگەی دامەزراوە یاساییەکانەوە چارە بکەن و پرۆسەی هەڵبژاردن تەواو بکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر بە زووترین کات.

یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوو ملیۆن و 87 هەزار و 972 کەس بەشدارییان لە دەنگدان کرد و ڕێژەی بەشداری %72 بوو. بەرزترین ڕێژەی بەشداری لە بازنەی دهۆک تۆمارکراوە کە دهۆك 78% بوو، لە هه‌و‌لێر 74%، سلێمانی 65% و هه‌ڵه‌بجه‌ 69% بووە.