چەندان پێگەی داعش لە سنووری کەرکووک بۆمباران کران
هێزی ئاسمانیی عێراق چەند پێگەیەکی داعشی لە سنووری پارێزگای کەرکووک بۆمباران کرد و بەهۆیەوە، ئاگر لە چەند شوێنێک کەوتەوە.
شەوی ڕابردوو، 22-10-2024، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق چەند پێگەیەکی داعشیان لە ناوچەی "جەبەل بۆری"ـی سنووری پارێزگای کەرکووک بۆمباران کرد.
بە گوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، داعش ئەو پێگانەی بۆ "خۆحەشاردان و دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی کەرکووک" بەکارهێناوە.
بە گوتەی دانیشتووانی ناوچەکەش، بەهۆی بۆمبارانەکەوە "دەنگی تەقینەوەی بەرز لە ناوچەی جەبەل بۆری کەرکووک بیتسرا و ئاگر لە چەند شوێنێکێش کەوتەوە".
سێشەممە، 22-10-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی "والیی عێراق" و هەشت گەورە سەرکردەی دیکەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی لە زنجیرەچیای حەمرین، لە باشووری کەرکووک ڕاگەیاند.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردبوو "ئەو بەرپرسانەی داعش لەنێو حەشارگەیەکی زنجیرەچیای حەمرین خۆیان حەشاردابوو و لە ئۆپەراسیۆنێکی ناوازە و قارەمانانەی دژەتیرۆر و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و لە ژێر چاودێری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا کوژراون".