بەهۆی خواردنی هەمبەرگری ماکدۆناڵدزەوە کەسێک مرد و دەیانی دیکەش ژەهراوی بوون

بەهۆی تووشبوون بە بەکتریایەک کە پەیوەندی بە زنجیرە چێشتخانەکانی ماکدۆناڵدزەوە هەیە لە ئەمەریکا، کەسێک گیانی لەدەستدا و دەیان کەسیش ژەهراوی بوون.
سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان لە ئەمەریکا ئاشکرایکرد، بەهۆی هەمبەرگرەکەی ماکدۆناڵدز، لە 10 ویلایەتی ئەمەریکا، یەک کەس مردووە و 49 کەسیش ژەهراوی بوون. 
پشکی ماکدۆناڵدز کە گەورەترین زنجیرەی خواردنی خێرایە لە جیهاندا، بەڕێژەی 6% دابەزیوە و بازرگانێکی ئاژەڵداریش ڕایگەیاندووە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەتوانێت قورسایی لەسەر ئاژەڵانی ئەمەریکاش دروست بکات و ببێتە هەڕەشە لەسەر خواستی گۆشتی مانگا.
سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان ئاشکرای کردووە، هەموو ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، گوتویانە هەمبەرگەرێکی چارەکە کیلۆیان لە ماکدۆناڵدز خواردووە.
سەنتەرەکە باسی لەوەش کرد، تائێستا پێکهاتە تایبەتەکەی پەیوەست بە نەخۆشییەکە دەستنیشان نەکراوە، بەڵام لێکۆڵەران سەرنجیان لەسەر پیاز و گۆشتی مانگا دایە، هەروەها زۆربەی نەخۆشیەکان لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ و نەبراسکا ڕاپۆرتکراون.
سیزار پێنا، بەرپرسی دابینکردن لە کۆمپانیای ماکدۆناڵدز لە ئەمەریکای باکوور دەڵێت: "ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە ژەهراوی بوونەکە پەیوەست بێت بەو پیازە ڕەندەکراوانەی بەکار هێنراون".