دەست بە هەمیشەییکردنى فەرمانبەرانى گرێبەست دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی ڕاژە دەکات بە زووترین کات گشتاندن بۆ مەرج و پێدوایستی و پێوەر و ڕێکارە یاسایییەکانی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکان بکەن. 

ڕۆژی سێشەممە، 22-10-2024، ئامانج ڕەحیم، سکرتێریی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نووسراوی فەرمیی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە کرد. 

لە نووسراوەکەدا کە پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (246)ـی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕێکەوتی 25-09-2024 دەرکراوە، داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە کراوە "کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ هەرچی زوو گشتاندنی مەرج و پێدوایستی و پێوەر و ڕێکارە یاسایییەکانی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر سەرجەم وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت بە گوێرەی ڕێکارەکانی هاتوو لە بڕگەکانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران". 

 

نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران

 

 

لە هەمان نووسراودا ئاماژە بەوەش کراوە "لە دوای ساخبوونەوەی شایستەبوونی فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ بە هەمیشەییبوون بە پێی مەرجەکان ئەو کات وەزارەتی دارایی و ئابووریی لیستی مووچەیان وەکوو فەرمانبەری هەمیشەیی لە چوارچێوەی لیستی مووچەی وەزارەت و لایەنی تایبەتمەند ئامادە بکات و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکرێت بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان وەک فەرمانبەری هەمیشەیی بەپێی بڕیاری هاوپێچی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردنی کاری پێویست". 

ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەتای ئەم هەفتەیە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە هەمیشەییکردنی نزیکەی 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەستی دەرکرد. 

لە بڕیارەکەی سەرۆک وەزیران ئەوە خراوەتە ڕوو "فەرمانبەرانی گرێبەست بەپێی ئەو مەرج و پێداویستی و پێوەر و ڕێکارە یاساییانەی کە لە حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئەم بابەتە جێبەجێ دەکرێت، دەبنە هەمیشەیی".

هاوکات تێچووی دارایی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، هەمان تەرخانکراوی ئێستایان دەبێت کە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵیدا پەسەند کراوە، وەک تەرخانکراوی دارایی میلاکی فەرمانبەرانی گرێبەست کە تۆماری بایۆمەترییان ئەنجام داوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفین، هەروەها سوود لە پلەی چۆلی وەزیفی بەهۆی جووڵەی میلاکاتەوە وەردەگیرێت.