رووماڵ

لە ئەنقەرە تەقینەوەیەک ڕووی دا

تەقینەوەیەک لەبەردەم کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی تورکیا لە ئەنقەرە ڕوویدا و، کوژراو و بریندار هەن.

چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەلی یەرلیکایە، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕایگەیاند: "هێرشێکی تیرۆریستی کراوەتە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە."

مێدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند "لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشکەران و هێزە ئەمنییەکان، یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندەوە، هەروەها چەکدارەکان ژمارەیەک خەڵکیان بە بارمەتە گرتووە." باسیان لەوەش کرد "دوو چەکدار هێرشەکەیان بۆ سەر کۆمپانیاکە کردووە."

وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئاماژەی بەوە دا "لە ئەنجامی هێرشە تیرۆرستییەکە کوژراو و بریندار هەن." تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشە چەکدارییەکە ڕانەگەیاندووە.

هاوکات مێدیاکان ئاماژەیان بەوە دا، بەهۆی هێرشەکەوە 5 کەس کوژران و 22 کەسی دیکە بریندار بوون. ئەوەشیان خستەڕوو، دوو لە چەکدارەکانیش کوژران.