عەبدوڵلا ئۆجەلان: دەسەڵاتم هەیە ململانێ و توندوتیژیی بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی بگوازمەوە
عەبدوڵلا ئۆجەلان دووپاتی دەکاتەوە "دەسەڵاتی تیۆری و پراکتیکیم هەیە کە ئەم پرۆسەیە لە زەمینەی ململانێ و توندوتیژیەوە بگوازمەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی".
دیداری عومەر ئۆجەلان و عەبدوڵلا ئۆجەلان
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24-10-2024، عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵلا ئۆجەلان، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو؛ دوێنێ چوارشەممە، 23-10-2024، "وەکوو بنەماڵە" چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجەلان کەوتووە.
لە دیدارەکەی نێوانیاندا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی عومەر ئۆجەلانی برازاکەییەوە، پەیامێکی لەبارەی ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە: "ئەگەر هەلومەرجەکان لەباربن، من دەسەڵاتی تیۆری و پراکتیکیم هەیە کە ئەم پرۆسەیە لە زەمینەی ململانێ و توندوتیژیەوە بگوازمەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی".
لەبارەی بارودۆخی تەندروستیی عەبدوڵلا ئۆجەلانیش، برازاکەی ئەوەی خستووەتە ڕوو "تەندروستیی باشبوو و سڵاوی گەرمی بۆ هەمووان هەبوو".
ڕۆژی 20-03-2020، عەبدوڵلا ئۆجەلان و بنەماڵەکەی یەکتریان بینی بوو، واتا زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر. ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی داوا دەکات "سەردانی خێزانی کە مافێکی یاساییە، بەبێ گوێدانە بارودۆخەکە" بۆ لای عەبدوڵلا ئۆجەلان بەردەوام بن.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ڕایگەیاند پێویستە "عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیا ئامادە بێت و پەیامی چەکدانان ڕابگەیەنێت".
Sayın Abdullah Öcalan ile en son yüz yüze yapılan görüşme 3 Mart 2020 tarihiydi.
— Ömer ÖCALAN (@omerrocalan) October 24, 2024
Biz aile olarak yıllar sonra 23 Ekim 2024 günü Sayın Öcalan ile görüşme gerçekleştirdik.
Bir yasal hak olan rutin aile görüşünün, koşullar ne olursa olsun devam etmesini istiyoruz.
23 Ekim tarihinde İmralı Ada Hapishanesi’de Sayın Öcalan ile görüşme gerçekleştirdim.
— Ömer ÖCALAN (@omerrocalan) October 24, 2024
Bu ziyaret aile görüşmesi kapsamında gerçekleşti. Sayın Öcalan görüşmede genel siyasi gelişmelere ilişkin değerlendirmelerde bulunarak kamuoyuna şu mesajın iletilmesini istedi: “Tecrit devam…
چارەکردنی پرسی کورد بووەتە ڕۆژەڤی تورکیا
چارەسەرکردنی کێشەی کورد دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێی نایە قۆناغێکی گرنگ و نوێ دوای ئەوەی گوتی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە زیندان دەربهێندرێت و لە پەرلەمانی تورکیا چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە رابگەیەنێت.
دەوڵەت باخچەلی گوتی: "کێشەی تورکیا کورد نییە بەڵکو پەکەکەیە. کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستگیرکرا و بۆ تورکیا راگواسترایەوە، رایگەیاندبوو کە ئامادەیە هەموو جۆرە خزمەتێک پێشکەش بکات. داوای هەڵگرتنی گۆشەگیریی عەبدوڵا ئۆجەلان دەکرێت، با هەڵگیرێت و بفەرموێت لە پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی چەکدانانی پەکەکە رابگەیەنێت. بە دەنگێکی بەرزەوە بڵێت تیرۆر نەماوە و پەکەکە خۆی هەڵووەشاندووەتەوە".
لەبەرامبەر ئەو بانگەوازە، هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای هاتیمئۆغڵڵاری ئامادەیی خۆیانی بۆ ئاشتی ڕاگەیاند: "ناونیشانی چارەسەرکردنی کێشەی کورد پەرلەمانە، لە پەرلەمان و سیاسەتیش بێگومان هاوشانیی ئەو بابەتە دەم پارتییە. سەرۆکی مەهەپە دەڵێ با سیاسەتی گۆشەگیرکردنی ئۆجەلان هەڵبگیرێت و رێگە بدرێت قسە بکات. پێویستە بەزووترین کات ئەمە بکرێت، ئێمە دەڵێین با بێت و ئامادەبێت و قسەبکات. بێ بەفیرۆدانی کات پێویستە بەپەلە هەنگاو لەوبارەیەوە بگیرێتەبەر، ئێمە وەک دەم پارتی لەپێناو ئاشتییەکی شەرەفمەندانە، لەپێناو بنیاتنانی کۆماری دیموکرات ئامادەین هەموو جۆرە باجێک بدەین. ئەوەی لەسەرمان بێت ئامادەین بیکەین. بەڵێن بێت، ئاشتییەکی شەرەفمەندانە بۆ ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە و پێکەوە گۆرانی ئاشتی دەچڕین".
ئەمە یەکەم جارە دەوڵەت باخچەلی کە توندرەوترین پارتی نەتەوەییە لە تورکیا، بانگەوازیکی لەو جۆرەی هەبێت. پێشتر عەمبەرین زەمان، رۆژنامەوانی دیاری ئەلمۆنیتەر رایگەیاندبوو، دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان لە گفتوگۆ دایە، بەگوێرەی دەنگۆ و قسەی دیوی پشتی دەرگاکان بێت، زستانی ئەمساڵ بە گەرمی تێدەپەڕێت و ئەو دەستەی کە باخچەلی بۆ دەم پارتیی درێژکردبوو، بە ئەنجامی زۆر جیاواز دەگاتە ئامانج.
دەستگیرکردنی عەبدوڵلا ئۆجەلان
لە سەرەتای پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا شاندێك لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە كە بە شاندی ئیمراڵی ناسرابوو، چەند جارێك چاویان بە ئۆجەلان كەوت، جگە لە گەیاندنی پەیامی پەكەكە بۆ ئیمراڵی لە ھەمانكاتدا چەند نامەیەكی ئۆجەلانیشیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گەیاندە قەندیل. بەڵام لە 5/4/2015، ئەو دەرگایە بە ڕووی شاندی ئیمراڵی داخرا و دواتریش پرۆسەی ئاشتی شكستی ھێنا.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 15 شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگرییدا، لە کینیا دەستگیرکرا و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕاڵی بەندكرا. بەپێی میدیاكانی پەكەكە تائێستا پارێزەرانی ئۆجەلان 768 جار داوای بینینی ئۆجەلانیان كردووە و داواكەیان رەتكراوەتەوە.