گۆڤاری فۆربز : 'هێزی پێشمەرگە کۆڵەکەی سەقامگیری هەرێمین و شایستەی پشتیوانیی سەربازیی مۆدێرنن'

کۆلیژی سەربازیی زاخۆ و پۆلێک ئەفسەری هێزەکانی پێشمەرگە
کۆلیژی سەربازیی زاخۆ و پۆلێک ئەفسەری هێزەکانی پێشمەرگە

گەیاندنی کاروانێکی دیکەی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، سەرەڕای ڕەخنەی هەندێک بەرپرسی عێراقی لە پێدانی چەکی قورس بە پێشمەرگە، جەخت لەسەر ڕۆڵی ڕەوای پێشمەرگە وەک هێزێکی ڕاگری سەقامگیریی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەکاتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی 29ـەمی کۆلێژی سەربازی زاخۆ ئەم هەڵوێستەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند "پێشمەرگە هەڕەشە نییە، پێشمەرگە پارێزەری عێراق، کوردستان و مرۆڤایەتییە."
ئەم لێدوانە لە وەڵامی ئەو مشتومڕەدا هات کە دوای گەیشتنی تۆپی M119ی ١٠٥ ملم لە مانگی ئابدا لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هێزەکانی کورد، دروست بوو.
بەپێی شیکردنەوەی پۆڵ ئیدن، پسپۆڕی بەرگری لە گۆڤاری فۆربس "مافی پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی ئەم چەکانە، هەم لە ڕووی یاسایی و هەم لە ڕووی ستراتیژییەوە، بنەمایەکی پتەوی هەیە."
وەزارەتی بەرگریی عێراق پشتڕاستی کردۆتەوە "گواستنەوەکە پێشتر لەلایەن بەغداوە پەسەند کراوە، کە ڕەوایەتی دەدات بە ڕادەستکردنی ئەم چەکانە لەلایەن ئەمەریکا و پێگەی پێشمەرگە وەک بەشێکی فەرمیی لە هێزەکانی بەرگریی عێراق بەهێز دەکات."
ڕۆڵی گرنگی پێشمەرگە لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمیی بە شێوەیەکی بەرچاو لە کاتی قەیرانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا دەرکەوت. 
کاتێک گروپە چەکدارەکە هەڕەشەی داگیرکردنی ناوچەکانی باکووری عێراقی کرد دوای ڕووخانی پێگەکانی سوپای عێراق، پێشمەرگە وەک بەربەستێکی گرنگ دژی پەرەسەندنی توندڕەوی دەرکەوت. 
ئیدن دەنووسێت "ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، داعش دەیتوانی بە ئاسانی کەرکووک، کێڵگە نەوتییەکانی و هەموو ئەو ناوچانە داگیر بکات." ئەمەڕۆڵی گرنگی ئەم هێزە لە ئاسایشی هەرێمی دەر دەخات.
بە گوێرەی نووسینەکەی ئیدن لە گۆڤاری فۆربز، تواناکانی بەرگریی پێشمەرگە بەراورد بە گروپە چەکدارەکانی تری ناو عێراق سنووردارە. 
ئاماژە بەوە دەکات "لەکاتێکدا میلیشیاکانی سەر بە ئێران چەکی پێشکەوتوویان وەک درۆن و مووشەکی بالیستی دەست کەوتووە - کە هەندێک جار بە شێوەیەک بەکار دەهێنرێن کە مەترسی ڕاکێشانی عێراق بۆ ناو ناکۆکییە هەرێمییە فراوانەکان دروست دەکەن - پێشمەرگە بەردەوامە لە کارکردن بە کەرەستەی جەنگیی تا ڕادەیەک سادە."
ساڵانی دوایی پێویستی هەبوونی هێزێکی پێشمەرگەی باش پڕچەککراویان دەرخستووە. 
ئیدن نووسیویەتی، "هێزەکانی کورد ئێستا لەگەڵ سوپای عێراق هاوکاری دەکەن بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە ئەمنییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان کە پاشماوەی داعش کەڵکیان لێ وەرگرتووە. ئەم هاوکارییە نیشان دەدات کە چۆن پێشمەرگەیەکی باش چەکدارکراو، پێکهاتەی ئاسایشی گشتی عێراق بەهێز دەکات، نەک لاواز."
ئیدن پێی وایە  "بەرهەڵستی بەغدا بۆ چەکدارکردنی پێشمەرگە دژی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراقە." "هێزە کوردییەکان پێویستیان بە توانای بەرگریی گونجاوە، لەوانە درۆن و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، بۆ پاراستنی ژێرخانی گرنگ وەک کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کە هەم بۆ هەرێمی کوردستان و هەم بۆ عێراقی فیدراڵ سوودمەندە."
ئیدن ئاماژە بەوە دەکات کە "ئامادەیی بەردەوامی واشنتۆن بۆ دابینکردنی شەفافیەتی تەواو لەسەر ئەوەی بە دیاریکراوی چی دەدات بە هەولێر، هیچ پاساوێک بۆ بەغدا ناهێڵێتەوە بۆ ڕاگرتنی گواستنەوەی چەکی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە تایبەتەکان،" کە جەخت لەسەر سروشتی ڕەوا و شەفافی پشتیوانی سەربازیی ئەمریکا بۆ هێزە کوردییەکان دەکاتەوە.
ڕادەستکردنی تۆپی جۆری M119 نوێنەرایەتی دانپێدانانێکی گرنگ بە پێداویستییە ڕەواکانی بەرگریی پێشمەرگە دەکات. 
لەکاتێکدا عێراق بەرەو دەستکەوتنی چەکی پێشکەوتووتر وەک تۆپی سیزاری فەڕەنسی دەڕوات، دڵنیابوون لە پاراستنی توانای بەرگریی گونجاوی پێشمەرگە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ئاسایشی ناوچەکە زیاتر گرنگ دەبێت.
مێژووی سەلمێنراوی پێشمەرگە لە بەرگریکردن نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە سەرجەم عێراق، لەگەڵ هاوکاریی بەردەوامیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق، پێگەیان وەک وەرگرێکی ڕەوای پشتیوانی سەربازیی نێودەوڵەتی بەهێز دەکات. 
وەک ئیدن لە کۆتاییەکەی نووسینەکەی ئاماژەی پێ داوە "هێزێکی پێشمەرگەی باش چەکدارکراو نەک تەنها خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی کورد دەکات، بەڵکو بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و سەقامگیریی هەرێمی دەکات.