نەورۆز سەركەوتنێكی مێژوویی لە نێو یاریگە نوێیەكەی بەدەست هێنا

نەورۆز سێشەممەی داهاتووش دووەمین یاریی لە نێو یاریگە نوێیەكەی بەرامبەر یانەی تەڵەبە دەكات

ئەحمەد مەحموود ناوەراستكاری یانەی نەورۆز دوای تۆماركردنی گۆڵی دووەمی
ئەحمەد مەحموود ناوەراستكاری یانەی نەورۆز دوای تۆماركردنی گۆڵی دووەمی

لە خولی ئەستێرەكانی عێراق یانەی نەورۆز یەكەمین یاریی لە نێو یاریگە نوێیەكەی بردەوە، یانەی نەجەفەیش بەردەوامی بە ئەنجامە خراپەكانی ئەم وەرزەی دا و هێشتا نەیتوانیوە لەم وەرزە تامی سەركەوتن بكات.
ئەمڕۆ شەممە، لە گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی نەورۆز لە یەكەمین یاریی لە مێژووی خۆیدا لە نێو یاریگەی نێودەوڵەتی نەورۆز رووبەڕووی نەجەف بووەوە.
مەروان حوسێن هێرشبەری سورپۆشەكانی سلێمانی لە دەستپێكی نیوەی یەكەم گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانەی نەورۆز تۆمار كرد، لە نیوەی دووەمی یارییەكەش، ئەحمەد مەحموود ناوەراستكاری یانەی نەورۆز گۆڵی دووەمی بۆ یانەكەی زیاد كرد. پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات محەمەد قاسم كاپتنی یانەی نەجەف جیاوازییەكەی كەم كردەوە و گۆڵێكی تۆمار كرد، بەڵام بەو گۆڵە نەیتوانی یانە شینپۆشەكەی نەجەف لە شكست رزگار بكات و یارییەكە بە ئەنجامی (2 ـ 1) لە بەرژەوەندی نەورۆزی كوردان كۆتایی هات.
نەورۆز یەكەمین سەركەوتنی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق تۆمار كرد، ئەم سەركەوتنەش لە نێو یاریگە نوێیەكەی بوو، سێشەممەی داهاتووش نەورۆز لەسەر هەمان یاریگەی خۆی لە كاتژمێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆ میوانداریی تەڵەبە دەكات.