ریال مەدرید پشتگیری یاریزانێكی بارسێلۆنا دەكات
یانەی ریال مەدرید بەیاننامەیەكی خێرای لەبارەی یاریزانێكی بارسێلۆنا بڵاوكردەوە و بەڵێن دەدات پشتگیری بكات
دوای ئەوەی میدیایەكانی ئیسپانیا بڵاویان كردەوە بەشێك لە هاندەرانی نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ سووكایەتیان بە لامین یامال كردووە، یانەی ریال مەدرید بەیاننامەیەكی خێرای بڵاو كردەوە و رایگەیاند لێكۆڵینەوەیان بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانە دەست پێكردووە كە دروشمی رەگەزپەرستیان بەكارهێناوە.
لە گەڕی 11ـی لا لیگادا، كە یانەی بارسێلۆنا لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە 4 گۆڵی بێوەڵام شكستی بە ریال مەدرید هێنا، لیڤاندۆڤسكی دوو گۆڵ، لامین یامال و رافینیا، هەریەكەیان گۆڵێكیان تۆمار كرد.
پێگەی سپۆرتی كەتەلۆنیا ڤیدیۆیەكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە بەشێك لە هاندەرانی ریال مەدرید دروشمی رەگەزپەرستیان لە دژی لامین یامال یاریزانی بارسێلۆنا بەكارهێناوە و سووكایەتیان بەو یاریزانە ئەسمەرە كردووە.
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، ڕوونكردنەوەیەكی فەریی لەسەر پێگەی یانەكەی لەبارەی ئەو رووداوە بڵاو كردووەتەوە و تێیدا جەختی لەوە كردووەتەوە هەر ڕەفتارێكی توندوتیژی یان رەگەزپەرستانە بەرامبەر هەر یاریزانێك بكرێت لە دژی دەوەستنەوە.
ریال مەدرید لە بەیاننامەكەیدا نووسیویەتی: نیگەرانن بەو سووكایەتییەی لەلایەن بەشێكی كەمی هاندەرانەوە لە یاریگەی سانتیاگۆ بەرامبەر یامال كراوە.
یانە شاهانەكە هێمای بۆ ئەوەش كردووە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە لەپێناو ئاشكراكردنی ناسنامەی ئەو كەسانەی ئەو كارەیان كردووە، بەڵێنیشیان داوە ئەو كەسانە رووبەڕووی دادگا و یاسا بكەنەوە.