چنار سەعد عەبدوڵڵا: خوێندنەوەی بەشێک لە لایەنەکان بۆ پارتی هەڵەیە

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت: سەنگ و پێگەی پارتی لەلایەن بەشێک لایەنی سیاسی وەکو خۆی نابینرێت چونکە لەژێر تەوژمی پۆپۆلیستی و سۆشیال میدیان، ئەوان خوێندنەوەکانیان هەڵەیە.
یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: هیچ کاتیک پارتی تەنانەت ئەو کاتەی 45 کورسیشی هەبوو لە پەرلەمان، پەنای بۆ هێزی زۆرینە نەبردووە.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، سەنگ و پێگەی پارتی لەلایەن بەشێک لایەنی سیاسی وەکو خۆی نابینرێت چونکە لەژێر تەوژمی پۆپۆلیستی و سۆشیال میدیان، ئەوان خوێندنەوەکانیان هەڵەیە.
شەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2024 کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و هاوکات سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیى پارتى سوپاسى جەماوەرى خۆڕاگرى کوردستان دەکەن وەک خۆیان دەڵێن: پارتیان پاراست وەکو حزبى ژمارە یەکى کوردستان هەم لەڕووى ژمارەى دەنگ و هەمیش لە ڕووى کورسى پەرلەمانى لە سەرووى هەموو لایەنەکان مایەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، هەڤاڵان و ڕاگەیاندنی پارتی بە شێوازێکى شارستانى و دوور لە تێکدانى ئاسایشى کۆمەڵایەتى و نیگەرانکردنى خەڵکى کوردستان، بانگەشەیەکى میدیایى شیاویان لە ئاستى مێژوو و گەورەیى پارتى و ڕێبازى بارزانى نیشاندا.