ریاڵ مەدرید خۆی بۆ تۆڵەکردنەوە لە بارسێلۆنا ئامادە دەکات

کارلۆ ئانچێلۆتی و فلۆرێنتینۆ پیرێز
کارلۆ ئانچێلۆتی و فلۆرێنتینۆ پیرێز

دوای شکستە گەورەکەی ریاڵ مەدرید لە یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا، فلۆرێنتینۆ پێرێز سێ پلانی بۆ ئەم وەرزەی یانەکە داناوە.

کاردانەوەی شکستە گەورەکەی ریاڵ مەدرید بە ئەنجامی 0-4 گۆڵ تا ئێستاش بەردەوامە و مانشێت و پەڕی رۆژنامە جیهانییەکانی داگیرکردووە.

رۆژنامەی ریلیڤۆی ئیسپانی لە هەواڵێكدا ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، کە پیرێزی سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید سێ پلانی داناوە تاوەکو لەم وەرزە یانەکەی جێبەجێی بکات:-

-        سەرکەوتن بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ

-        ئامادەکاریی بۆ یاریی بەرامبەر بارسێلۆنا

-        ئامادەبوون لە دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر

رۆژنامەکە باس لەوە دەکات: ئەنجامی یاریی کلاسیکۆ دۆخی ئانچێلۆتی زۆر هەستیار کردووە و سەرۆکی ریاڵ مەدرید بە تەواوی بێهیوا بووە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: لە وەرزەکانی پێشتر دۆڕان بە ئەنجامی گەورە بەرامبەر بارسێلۆنا، هەمیشە بووەتە هۆی دوورخستەی راهێنەری یانەکە، بەڵام بۆ ئانچێلۆتی ئەو بڕیارە پەلەی لێناکرێت هەرچەندە راهێنەرە ئیتاڵییەکە لە سزاکانی ریاڵ مەدرید رزگاری نابێت.

ریلیڤۆ لەبارەی یاریی کلاسیکۆ زیاتر نووسیویەتی و دەڵێت: فلۆرێنتینیۆ پێرێز ئەو دۆڕانە گەورەیەی بە ئاسانی لەبیرناچێت.