کوردستان24 ناوی سوودمەندبووانی زەوی ئاکرێ بڵاو دەکاتەوە

قایمقامی ئاکرێ: لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر لە هەزار فەرمانبەر زەوی وەردەگرن

دووشەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2024، دلاوەر بوزۆ، قایمقامی ئاکرێ، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە پرۆسەی دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سنووری شارەوانی ئاکرێ لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر لە هەزار فەرمانبەر سوودمەند دەبن."

قایمقامی ئاکرێ گوتیشی: "زیاتر لە دوو هەزار زیندانی سیاسی و پێشمەرگە، خاوەن پیداویستی تایبەت و فەرمانبەر، کە پێشتر فەرمانی پێدانی زەوییان لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەرچووە، زەوی وەردەگرن."

دلاوەر بوزۆ، ڕاشیگەیاند " ئێستە زەوی پێویست تەرخان کراوە، لە قۆناغی یەکەمدا هەزار و 95 فەرمانبەر 200 مەتر زەوی وەردەگرن  و لە قۆناغی دووەمیش ئەو فەرمانبەرانەی کە ماون، وەری دەگرن."

لە ـ16ی ئەم مانگە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستی پێ کرد، دواتر لە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان دەست کرا بە دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا.

لە 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش بکرێت؛ بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو فەرمانبەرانە سوودمەند دەبن کە پێشتر پارچە زەوییان پێ نەدراوە.