ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار خەڵاتی باڵۆن دۆر بەشێوەیەكی جیاواز دەبەخشرێت

دوای 21 ساڵ بۆ یەكەمجار مێسی و كریستیانۆ ناتوانن كێبڕكێی خەڵاتی باڵۆن دۆر بكەن

دوای 21 ساڵ بۆ یەكەمجار مێسی و كریستیانۆ ناتوانن كێبڕكێی خەڵاتی باڵۆن دۆر بكەن
دوای 21 ساڵ بۆ یەكەمجار مێسی و كریستیانۆ ناتوانن كێبڕكێی خەڵاتی باڵۆن دۆر بكەن

ئه‌مرۆ له‌ پاریسی پایته‌ختی فڕه‌نسا ئاهه‌نگی خه‌ڵاته‌كانی باڵۆن دۆر به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سی یاریزان ركابه‌ری بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌ ده‌كه‌ن و  ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی ریال مه‌درید به‌هۆی ئاسته‌ به‌رزه‌كه‌ی له‌ وه‌رزی رابردوو و بردنه‌وه‌ی چامپیۆنزلیگ و لالیگا به‌ربژێری سه‌ره‌كی بردنه‌وه‌ی باڵۆن دۆره‌.

گۆڤار فڕانس فوتبۆڵ مانگی رابردوو ناوی 30 یاریزانی بۆ لیستی كۆتایی ركابه‌ره‌كانی بردنه‌وه‌ی باڵۆن دۆر ئاشكرا كرد و ڤینیسیۆس جۆنیۆر و رۆدری و جود بێلینگهام به‌ربژێری سه‌ره‌كی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌ن.
بۆ ئه‌م وه‌شانه‌ی باڵۆن دۆر گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا خه‌ڵاتی باڵۆن دۆر ده‌به‌خشێت، یه‌كه‌مجاریشه‌ له‌ مێژوو پێش دەستپێكی ئاهەنگەكە فرانس فوتبۆڵ لەگەڵ براوەی خه‌ڵاته‌كه‌ هیچ گفتووگۆیەكی نەكردووە و هیچ شتێكی ئاشكرا نەكراوە و هیچ دیدارێكی پێشوەختەی لەگەڵ نەكراوە و هەموو شتێك له‌كاتی ئاهه‌نگه‌كه‌ دیاری ده‌كرێت.


ریال مه‌درید حه‌وت یاریزانی پاڵه‌وانی چامپیۆنزلیگی وه‌رزی رابردوو له‌ لیستی كۆتایی به‌ربژێره‌كانه‌ و زۆرترین یاریزانی به‌ربژێری خه‌ڵاته‌كه‌ن
هه‌ر له‌ ئاهه‌نگی باڵۆن دۆر جگه‌ له‌ تۆپی ئاڵتوونی، باشترین یاریزانانی پیاو و خانم لەگەڵ خه‌ڵاته‌كانی باشترین یاریزانی لاو و باشترین گۆڵپارێز و باشترین راهێنه‌ر له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی پیاوان و خانمان دیاری ده‌كرێت، هەڵبەت باشترین یازده‌ یاریزانیش له‌سه‌ر ئاستی پیاوان و خانمان ده‌ستنیشان ده‌كرێت.
بۆ جاری یه‌كه‌م له‌ مێژوو گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ له‌ ساڵی 1956 یه‌كه‌مین خه‌ڵاتی باڵۆن دۆری به‌خشی و ستانلی ماتیۆس به‌باشترین یاریزانی جیهان دیاریكرا. پێشتریش فڕانس فوتبۆڵ له‌گه‌ڵ فیفا به‌هاوبه‌شی خهڵاته‌كه‌یان ده‌به‌خشی، به‌ڵام له‌ ساڵی 2016 له‌یه‌كتری جیابوونه‌وه‌ و فڕانس فوتبۆڵ به‌ته‌نیا باڵۆن دۆر ده‌به‌خشێت و ئه‌م وه‌رزه‌ش له‌گه‌ڵ یۆفا بوونه‌ هاوبه‌ش.


 


ده‌نگدان بۆ خه‌ڵاتی باڵۆن دۆر جیاوازه‌ و به‌ شێوه‌ی نهێنی له‌ نێوان 173 رۆژنامه‌نووسی گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئاستی تاكه‌كه‌سی و خه‌ڵات و ناسناوه‌كان خاڵیان پێده‌درێت و هه‌ر رۆژنامه‌نووسێكیش بۆی هه‌یه‌ نمره‌ی شه‌ش خاڵ تا یه‌ك خاڵ بدات به‌ پێنج یاریزان و ئه‌و یاریزانه‌شی زۆرترین خاڵ به‌ده‌ست بهێنێت ده‌بێته‌ براوه‌ی بالۆن دۆر.
لیۆنێل مێسی بروه‌ی هه‌شت باڵۆن دۆر و كریستیانۆ رۆناڵدۆی براوه‌ی پێنج باڵۆن دۆرن، بۆ جاری یه‌كه‌م دوای ساڵی 2003 هیچ یه‌كێكیان له‌ لیستی كۆتایی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌ نابیندرێن، بەمەش دوای 21 ساڵ مێسی و كریستیانۆ كێبڕكێی خەڵاتی باڵۆن دۆریان پێـناكرێت.