لەهەولێر ئامادەکاریى بۆ وەرزى زستان و باران دەکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە 2024.10.28، بە سەرپەرشتىی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ ئامادەکاریى وەرزى زستان و بارانه ئەمساڵ کرا.
پارێزگای هەولێر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارێزگا کە بەرپرسانی ئیداری و حکوومی تێیدا بەشدار بوون، دواى هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانى ساڵانى ڕابردوو، پارێزگارى هەولێر دەستخۆشیی لە تیمەکان کرد و هەموو ئەو پرۆژە و کارانەى حکوومەتى هەرێمی کوردستانیش، کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا و بەر لە وەرزى بارانبارین لە پێناوى ڕوونەدانى لافاو و کەم کردنەوەى مەترسیەکانى و چارەکردنى گرفتەکانى لە سەنتەرى شار و دەروبەرى جێبەجێ کراون، بەرز نرخاند."
لە تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەكانى ڕاسپارد بۆ "گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و ئامادەكاریی زیاتر بە مەبەستی ڕێگریی لە هەر حاڵتێکى نەخوازراو و چارەكردنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە دەبنە هۆی پەنگخواردنەوەى ئاوی زیادە و بەردەوامیدان بە پاککردنەوەى چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان لە شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی گەڕەکانى شار و پاککردنەوەى کەند و ڕێڕەوەکانى ئاوى سروشتى باران."