نرخی نەوت زیاتر لە سەدا شەش دابەزی

لەگەڵ دەستپێکی مامەڵەکانی هەفتە، نرخی نەوت سوور پۆش بوو، لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممە زیاتر لە 6٪ دابەزی و هەر بەرمیلێک لە نەوتی خاوی برێنت بۆ ژێر 72 دۆلار پاشەکشەی کرد. بە ئامانج نەگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران لە لایەن ئیسرائیل بە هۆکاری سەرەکی پشت دابەزینی نرخی نەوت دەستنیشان دەکرێت.
کاتژمێر 21:40ـی ئەمڕۆ دووشهممه، 28ـی تشرینی یهكهمی 2024، نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی خاوی برێنت بە 71 دۆلار و 47 سەنت مامەڵەی پێوە کرا و تەنیا ئەمڕۆ بە 6.02٪ دابەزیوە، ئەمە لە کاتێکدا لە کۆتا مامەڵەکانی رۆژی هەینی بە 75 دۆلار و 63 سەنت کۆتایی بە خولی مامەڵەکانی هەفتەی رابردوو هێنا.
دابەزینی نرخی نەوت دوای هێرشەکانی ئیسرائیل دێت بۆ سەر ئێران، دوای ئەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران سنووردار بوو، هاوکات بە دوور بوو لە دامەزراوە نەوتییەکان و بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، ئەمەش ترسی پچڕانی خستنەڕووی نەوتی بۆ بازاڕەکانی جیهان کەمکردووەتەوە و فشاری خستە سەر نرخەکانی نەوت.
ئەندی لیپۆو، سەرۆکی کۆمپانیای لیپۆو ئۆیل ئەسۆشیەیت، رایدەگەیەنێت، تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوت لەژێر فشاردا دەمێنێتەوە، رەنگە ئەستەم بێت لە ئایندەیەکی نزیکدا نرخی نەوتی خاوی برێنت بگاتەوە 80 دۆلار. وتیشی، رەنگە ئیسرائیل لە ژێر کاریگەری بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دامەزراوە نەوتییەکانی بە ئامانج نەگرتبێت، ئێستا بازاڕی نەوتی خاو گەڕاوەتەوە بۆ بازاڕێک کە تێیدا خستنەڕوو زیاترە لە خواست.
لە لایەکەی دیکەوە، ئاماژەکانی لاوازبوونی خواست لەسەر نەوتی خاو لەلایەن چین وێڕای پاکێجەکانی هاندانی ئابووری لەلایەن حکوومەتی چین ئەوەندەی تر فشاری لەسەر نرخی نەوت داناوە، لە هەمان کاتدا بازاڕەکان چاویان لە زیادبوونی خستنەڕووی نەوتی خاوە بە تایبەت لە ژێر کاریگەری بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کۆتایی ئەمساڵدا.