حەشارگەیەکی داعش لە زنجیرە چیاکانی حەمرین خاپوور دەکرێت
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند کە: فڕۆکەی ئێف 16 لە زنجیرە چیای حەمرین حەشارگەیەکی تیرۆریستانی داعشیان خاپوور کردووە.
دووشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2024، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنێکی نوێ و بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە وردەکانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازیی بە هەماهەنگی لەگەڵ شانەی ئامانج لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی عێراق لە جۆری ئێف 16، حەشارگەیەکی تیرۆریستانی داعشیان لە لە ئەشکەوتێکی زنجیرە چیاکانی حەمرین بە ئامانج گرت.
فەرماندەییەکە دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکانمان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونی هەموو حەشارگەکانی چەتەکانی تیرۆریستان لە هەر شوێنێک بن بۆ ئەوەی بیانکەن بە خۆڵ و خاشاک لەسەر سەری تیرۆریستانی دۆڕاو."