شۆڵز: لەسێدارەدانی شارمەهد لەلایەن ئێرانەوە ئابڕووچوونە

هەواڵی لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد، زیندانی سیاسیی ئێرانی، "هاووڵاتیی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک ئێرانی" ڕاوێژکاری ئەڵمانیای هێنایە دەنگ و دەڵێت: "لەسێدارەدانی شارمەهد ئابڕووچوونە."
دووشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2024، مێدیای فەرمیی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهدی 67 ساڵی بڵاو کردەوە، کە پێشتر لە ئەمەریکا ژیاوە و لە 2ی ئابی 2020 لە گەشتێک لە ئەڵمانیاوە بۆ هیندستان، لەلایەن هەواڵگریی ئێرانەوە ڕفێنرا و دوای سێ ڕۆژ دەستبەسەری لە دوبەی، گواسترایەوە ئێران و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر کرا.
لەسەر لە سێدارەدانی جەمشید شارمەهد، ئۆلاڤ شۆڵز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێڕای سەرکۆنەکردنی لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە ئەڵمانە بە ڕەچەڵە ئێرانییە، ڕایگەیاندووە: "ئەمە کارێکی شەرمەزارانەیە."
هەروا نووسیویەتی "لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد لەلایەن ئێرانەوە ئابڕووچوونێکە و بە توندی ئیدانەی دەکەم." ئاماژەشی داوە "شارمەهد، دەرفەتی ئەوەی پێ نەدرا بەرگری لە خۆی بکات لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابوون."
Die Hinrichtung von Jamshid Sharmahd durch das iranische Regime ist ein Skandal, den ich auf das Schärfste verurteile. Jamshid Sharmahd hat nicht einmal die Gelegenheit erhalten, sich im Prozess gegen die gegen ihn erhobenen Vorwürfe zu verteidigen. (1/2)
— Bundeskanzler Olaf Scholz (@Bundeskanzler) October 28, 2024