مەسرور بارزانی : هەڵبژاردن زۆر گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ديداری ئینستیتیوتی مێری 2024، بە ناونیشانی (بەرەو حوكمڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی) ئەمڕۆ سێشەممە، 29-10-2024، چالاکییەکانی لە هەولێر دەستی پێ کرد و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "هەڵبژاردن زۆر گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ گەڕاندنەوەی شەرعییەت بۆ هەموو دامەزراوەکان و پێگەکانی حوکمڕانی و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان." 
گوتیشی: "دەبووایە پێش دووساڵ ئەو هەڵبژاردنە بکرێت، بەلام لەبەر هەندێک هۆکاری دیار و پێداگریی هەندێک لایەن هەڵبژاردن دوا خرا، تاوەکوو گەیشتە ئەو حاڵەتەی داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن کرا؛ هەروەها داوای نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان کرا، وە داوای ئەوەش کرا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە بەغدا سەرپەرشتیی هەڵبژاردن بکات."

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو ئەو شتانە وای کرد، ئێمە لە 20ـی ئەم مانگە هەلبژاردنمان کرد، بەبەشداری لەسەدا 72ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە ەئەمش ئاماژەیەکی دیارە، کە خەلکی هەرێمی کوردستان وشیارە و بەدەنگدان بەو لایەنەی کە متمانەیان پێ هەیە، دیاریان کرد کە چیان دەوێت."

مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئێستا کە چاوەڕوانی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردن دەکەین، ئەو کات بەدیار دەکەوێت کە ئەنجامەکان چۆنن، هیوادارم هەموو لایەک بتوانن قبوڵی بکەن، ئەگەرچی تێبینیش هەبووبێت، بەڵام بێگومان بەبەشداری لایەنی نێودەوڵەتییەکان دیار بوو کە هەڵبژاردنێکی باش بووە". 

سەرۆک وەزیران باسی لەوەش کرد، "هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی بەشداربوون لە پرۆسەکە وایان کرد، هەڵبژاردن سەرکەوێت، هەروەها لایەنگرانی لایەنەکانیش بەبشداریکردنیان وایان کرد کوردستان لەو پرۆسە سیاسیە سەرکەوتووبێت و یەکەم بێت، گوتیشی: زۆر لایەن هەبووە پێش هەڵبژاردن پێشبینی ئەنجامێکی کردووە، بەڵام دوای هەڵبژاردن کە ئەنجامەکان بەشێوەیەک دەرچووە ئێستە هەڵوێستی دیکەیان وەرگرتووە".

مەسرور بارزانی گوتی: پێویستە ئیدی خەڵکی کوردستان پێویستە لەمە تێبگات ڕاستییەک هەیە، دەبێت ئەو ڕاستییە قەبوڵ بکرێت، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ڕای ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بووە کە خەڵکی کوردستان متمانەی بەکێ کردووە، هاوکات ئەو هەوڵە چەواشەکارییانە کە زۆر شت بە شێوەیەکی دیکە وێنا دەکرا، ئێستا بۆ خەڵک بەدەرکەوتووە ئەو قسانە ئەسڵ و ئەساسی بۆ نەبووە و پێگەی نەبووە، خەڵکی بەڕای خۆیان بەدەریان خست و ئاشکرایان کرد لکە چ جۆرە داهاتووێک و چ پاشەڕۆژێکیان دەوێت، هەر لەم ڕوانگەوەش پارتی وەکو حزبی براوەی ئەم هەڵبژاردنە ڕاستگۆ دەبێت لەگەڵ پەیامەکانی خۆی کە پەیامی ئاوەدانی بووە، پەیامی ئاشتی بووە، پەیامی پێکەوە ژیان بووە، پەیامی ئارامی بووە، پەیامی خۆڕاگریی بووە، ئەم پەیامانە هەڵقوڵاوی ناخی پارتین، ئەوە ئەم ڕێبازەیە کە پارتی لەسەری پەروەردە کراوە، پارتی لەسەری کاری کردووە، لەمەودواش لەگەڵ هەر کەسێکی دیکە کە بیەوێت بەشدار بێت لە حکوومەت، هەوڵ دەدات وەڵامدەرەوەی ویست و خواستی خەڵک بێت کە ئەوان دەیانەوێت وڵاتێکی ئارامیان هەبێت، وڵاتێکی گەشەسەندوویان هەبێت، وڵاتێکیان هەبێت ڕۆژ دوای ڕۆژ هەنگاو بنێت، گوتی: ئێمە دەتوانین ئەوەتان پێ بڵێین کە پارتی و ئێمە ڕاستگۆ دەبین لەگەڵ بەڵێنەکانمان و ڕاستگۆ دەبین لەگەڵ خەڵکی کوردستان.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: لە چەند ساڵی ڕابردووی کابینەی نۆیەم،پارتی لەگەڵ ئەو بەرنامە هاوبەشەی لە حکوومەتدا هەبووە، بەردەوام بووە لە دروستکردنی نیشتمانسازیی، ئێمە هەستمان بەوە کردووە خەڵک پێویستی بە چ هەیە، بەتایبەتی لەبواری خزمەتگوزاریی هەنگاوی زۆر باش نراوە، لە ڕووی دروستکردنی ژێرخانی ئابووری کاری زۆر باش کراوە، لەڕووی دروستکردنی ستراتیژیەتێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لەسەر ئاستی تەواوی کوردستان کاری زۆر باش کراوە، ئەوەش بە مانای ئەوە نییە هیچ ئاستەنگ نەبووبێت، ڕێگریی هەبووە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکوومەت لە ساڵەکانی ڕابردوو، بۆیە باسی ساڵانی ڕابردوو دەکەم، چونکە ساڵانی ڕابردوو هەندێک شت دروستکران پێویستیان بە تەواو کردن هەبوو، بە نموونە باسی بە دیجیتاڵکردنی کارە خزمەتگوزارییەکان دەکەم کە یەک لە پرۆژە زۆر گرنگەکان بووە، دەڵێت: زۆر جار بڕیار لەسەر زۆرێک لە کایەکانی حکوومڕانی دەدرا، بێ ئەوەی داتا و زانیاریی دروست لەبەردەستدا بێت.

مەسرور بارزانی گوتی: ئێمە ساڵانی ڕابردوو هەوڵی جدیمان دا کە داتا سەنتەرێکی زۆر پێشکەوتوو لەسەر ئاستی جیهانی لە هەرێمی کوردستان دروست بکەین و سوپاس بۆ خوا دروستمان کرد، ئێستا داتایەکی زۆر باش و ورد لەبەردەستە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت، دواتر هەوڵێکی جدی درا بۆ ئەوەی کارە خزمەتگوزارییەکان لە تەندروستی بێت یاخود ڕاپەڕاندنی کاروباری رۆژانە بێت لەهەر وەزارەتێک بێت، هەموو ئەو کارانە ئەنجام دراون، لەڕووی ئابوورییەوە کەسێک بێت و بیەوێت، کۆمپانیایەکی هەبێت و بیەوێت تۆماری بکات، ئێستە ڕێکارەکان وا ئاسان کراوە بە چەند کاتژمێرێک دەتوانێت کارەکانی ڕاپەڕێنێت کە پێشتر ماوەیەکی زۆر درێژتری دەویست.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: لە ڕووی ئابووریشەوە، ئێمە بڕیاری هەمەچەشنکردنی ئابووری و هەمجۆرکردنی ئابووریمان دا و هەنگاوی زۆر باشمان هاوێشت و گەیشتینە ئاستێک بووژانەوەی ئابووری لە 1.8 لە سەد ببێتە 8 لە سەد، بە مانای هێندە زیادی کرد لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، هاوکات بازاڕی عێراق دەرەوەمان بۆ جووتیارانی کوردستان و ساغ کردنەوەی بەرهەم و بەرووبوومەکانیان کردەوە.

گوتی: لەڕووی سێکتەری بانکییەوە هەنگاوی زۆر باش هاوێژراوە کە تا ئێستا هەمووی تەوا نەبووە، بەڵام قۆناغی زۆر باشی بڕیووە، ئومێدمان هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەمانە هەموویان ببن بە هۆکار بۆ دروستکردنی ئەو نیشتمانسازییەی کە باسی دەکەن، ئەمانە هەمووی ئەو ژێرخانانەن کە پێویستن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێویستییەکانی ڕۆژانەش گوتی: بابەتی پێویستی ڕۆژانە کە هەیە وەکو ئاو و کارەبا کە بڕیاری جدی بۆ دراوە هەنگاوی زۆر باشی بۆ نراوە بۆ ئەوەی کێشەی بێ ئاوی و بێ کارەبایی بەرەو کۆتایی بڕوات، هەروەها یارمەتیدانی چینی گەنج و دروستکردنی هەلیکاری یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییەک، نەهێشتنی گەندەڵی، نەهێشتنی واستە و واستەکاری، ئەمانە هەمووی ئەو هەوڵانە بوون کە ئێمە لا کابینەی ڕابردوو تا ئاستێکی زۆر دەستکەوتمان هەبووە بەڵام هەمووی بە قۆناغی کۆتایی نەگەیشتوون، بۆیە لەمەودوا بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە خزمەتی خەڵکدا بین و کاری باشتر بکەین، پێویستە ئەو هەنگاوانە تەواو بکرێن، هەندێکیان بەرەوە قۆناغی کۆتایی ڕۆیشتوون، بەڵام کاری زیاتریش ماون، بەڵام کە ئەمانە کران، وەکو دروستکردنی ژێرخانێک ، ئینجا ئێمە دەتوانین بیر لە هەنگاوی زۆر زۆر باشتر بکەینەوە، ئەوەی گرنگە لە سیاسەتی ئێمەدا( هاووڵاتی سەنتەرە)، سەنتەری گرنگی پێدانە، کەواتە هەرشتێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتیدا بێت، هەر کارێک ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاووڵاتی بکات، دەبێت حکوومەت خۆی بگونجێت لەگەڵ داواکاریی و خواستی خەڵک، لە ڕووی جیهان بینیشەوە ئامادەبێت خۆی بگونجێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی جیهان لەسەر ئاستی ناوچە و نێودەوڵەتیدا.