مەسرور بارزانی: ئابووری کوردستان لە 1.8 بەرزبووەتەوە بۆ 8 لە سەد
سەرۆک وەزیرانی کوردستان لە دیداری مێریدا ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمدا ئابووری هەرێمی کوردستان لە 1.8 لە سەدەوە بەرزکراوەتەوە بۆ 8 لە سەد.
سێشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان لە ديداری ئینستیتیوتی مێری 2024، بە ناونیشانی (بەرەو حوكمڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی) گوتی: لە کابینەی نۆیەمدا ئابووری هەرێمی کوردستان لە 1.8 لە سەدەوە بەرزکراوەتەوە بۆ 8 لە سەد.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: لە ڕووی ئابووریەوە، ئێمە بڕیاری هەمەچەشنکردنی ئابووری و هەمەجۆرکردنی ئابووریمان دا و هەنگاوی زۆر باشمان هاوێشت و گەیشتینە ئاستێک بووژانەوەی ئابووری لە 1.8 لە سەد ببێتە 8 لە سەد، بە مانای گەشەی ئابووری هێندە زیادی کرد لەماوەی ساڵانی ڕابردوو.
سەرۆک وەزیران گوتیشی: بازاڕی عێراق و دەرەوەمان بۆ جووتیارانی کوردستان و ساغ کردنەوەی بەرهەم و بەرووبوومەکانیان کردەوە.
مەسرور بارزانی گوتی: لەڕووی سێکتەری بانکییەوە هەنگاوی زۆر باش هاوێژراوە کە تا ئێستا هەمووی تەوا نەبووە، بەڵام قۆناغی زۆر باشی بڕیووە، ئومێدمان هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەمانە هەموویان ببنە هۆکار بۆ دروستکردنی ئەو نیشتمانسازییەی کە باسی دەکەن، ئەمانە هەمووی ئەو ژێرخانانەن کە پێویستن.