مەسرور بارزانی: هەوڵدراوە کێشەی ئاو و کارەبا بە تەواوی بنبڕ بکرێت
سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی لە دیداری مێریدا گوتی: بابەتی پێویستی ڕۆژانە کە هەیە وەکو ئاو و کارەبا کە بڕیاری جدی بۆ دراوە هەنگاوی زۆر باشی بۆ نراوە بۆ ئەوەی کێشەی بێ ئاوی و بێ کارەبایی بەرەو کۆتایی بڕوات.
سێشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان لە ديداری ئینستیتیوتی مێری 2024، بە ناونیشانی (بەرەو حوكمڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی) گوتی: هەوڵدراوە کێشەی ئاو و کارەبا بە تەواوی بنبڕ بکرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێویستییەکانی ڕۆژانەش گوتی: بابەتی پێویستی ڕۆژانە کە هەیە وەکو ئاو و کارەبا کە بڕیاری جدی بۆ دراوە و هەنگاوی زۆر باشی بۆ نراوە بۆ ئەوەی کێشەی بێ ئاوی و بێ کارەبایی بەرەو کۆتایی بڕوات، گوتیشی: یارمەتیدانی چینی گەنج و دروستکردنی هەلیکاری یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییەک، نەهێشتنی گەندەڵی، نەهێشتنی واستە و واستەکاری، ئەمانە هەمووی ئەو هەوڵانە بوون کە ئێمە لە کابینەی ڕابردوودا تا ئاستێکی زۆر دەستکەوتمان هەبووە تێیدا، بەڵام هەمووی بە قۆناغی کۆتایی نەگەیشتوون، بۆیە لەمەودوا بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە خزمەتی خەڵکدا بین و کاری باشتر بکەین، پێویستە ئەو هەنگاوانە تەواو بکرێن، هەندێکیان بەرەوە قۆناغی کۆتایی ڕۆیشتوون، بەڵام کاری زیاتریش ماون.
سەرۆک وەزیران گوتی: ئەمانە هەمووی کران، وەکو دروستکردنی ژێرخانێک ، ئینجا ئێمە دەتوانین بیر لە هەنگاوی زۆر زۆر باشتر بکەینەوە.
مەسرور بارزانی گوتی: ئەوەی گرنگە لە سیاسەتی ئێمەدا( هاووڵاتی سەنتەرە)، سەنتەری گرنگی پێدانە، کەواتە هەرشتێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتیدا بێت، هەر کارێک ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاووڵاتی بکات، دەبێت حکوومەت خۆی بگونجێت لەگەڵ داواکاریی و خواستی خەڵک، لە ڕووی جیهان بینیشەوە ئامادەبێت خۆی بگونجێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی جیهان لەسەر ئاستی ناوچە و نێودەوڵەتیدا.