مەسرور بارزانی: پارتی هاوشانی حکوومەت کاری بۆ نیشتمانسازیی کردووە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان لە دیداری مێریدا گوتی: پارتی هاوشانی حکوومەت کاری بۆ نیشتمانسازیی کردووە.

سێشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان لە ديداری ئینستیتیوتی مێری 2024، بە ناونیشانی (بەرەو حوكمڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی) گوتی: پارتی هاوشانی حکوومەت کاری بۆ نیشتمانسازیی کردووە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: لە چەند ساڵی ڕابردووی کابینەی نۆیەم،پارتی لەگەڵ ئەو بەرنامە هاوبەشەی لە حکوومەتدا هەبووە، بەردەوام بووە لە دروستکردنی نیشتمانسازیی.

سەرۆک وەزیران گوتی: ئێمە هەستمان بەوە کردووە خەڵک پێویستی بە چ هەیە، بەتایبەتی لەبواری خزمەتگوزاریی هەنگاوی زۆر باش نراوە، لە ڕووی دروستکردنی ژێرخانی ئابووری کاری زۆر باش کراوە، لەڕووی دروستکردنی ستراتیژیەتێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لەسەر ئاستی تەواوی کوردستان کاری زۆر باش کراوە، گوتیشی: ئەوەش بە مانای ئەوە نییە هیچ ئاستەنگ نەبووە، بەڵکو ڕێگریی هەبووە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکوومەت لە ساڵەکانی ڕابردوو.

مەسرور بارزانی گوتی: بۆیە باسی ساڵانی ڕابردوو دەکەم، چونکە ساڵانی ڕابردوو هەندێک شت دروستکران پێویستیان بە تەواو کردن هەبوو، بە نموونە باسی بە دیجیتاڵکردنی کارە خزمەتگوزارییەکان دەکەم کە یەک لە پرۆژە زۆر گرنگەکان بووە، دەڵێت: زۆر جار بڕیار لەسەر زۆرێک لە کایەکانی حکوومڕانی دەدرا، بێ ئەوەی داتا و زانیاریی دروست لەبەردەستدا بێت.

مەسرور بارزانی گوتی: ئێمە ساڵانی ڕابردوو هەوڵی جدیمان دا کە داتا سەنتەرێکی زۆر پێشکەوتوو لەسەر ئاستی جیهانی لە هەرێمی کوردستان دروست بکەین و سوپاس بۆ خوا دروستمان کرد، ئێستا داتایەکی زۆر باش و ورد لەبەردەستە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت، دواتر هەوڵێکی جدی درا بۆ ئەوەی کارە خزمەتگوزارییەکان لە تەندروستی بێت یاخود ڕاپەڕاندنی کاروباری رۆژانە بێت لەهەر وەزارەتێک، هەموو ئەو کارانە ئەنجام دراون.

سەرۆک وەزیران گوتی: لەڕووی ئابوورییەوە کەسێک بێت و بیەوێت، کۆمپانیایەکی هەبێت و تۆماری بکات، ئێستە ڕێکارەکان وا ئاسان کراوە بە چەند کاتژمێرێک دەتوانێت کارەکانی ڕاپەڕێنێت کە پێشتر ماوەیەکی زۆر درێژتری دەویست.