سەرۆکی حکوومەت و باڵیۆزی ئەمەریکا پێویستیی هەناردەکردنەوەی نەوتیان تاووتوێ کرد
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردن، هاوکات هەردوولا پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پرۆسەی هەناردەکردنەوە نەوتیان تاووتوێ کرد.
ئێوارەی ئهمڕۆ سێشهممه 10/29، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵيۆزى ئهمهريكا له عێراق كرد.
بابەتی سەرەکيی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامەکانی. باڵیۆزی ئەمەریکا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی لە سەرۆکی حکوومەت کرد و ئاماژەی بەوە دا کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کەشێکی ئاسایی و ئاشتیيانە بەڕێوەچوو و ڕێژەی بەشداریش بەرز بوو.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەستکردن بە ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و لەیەکتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پرۆسەی هەناردەکردنەوە تاووتوێ کرا.