رووماڵ

مەسرور بارزانی: بۆ وڵاتێکی پێشکەوتوو دەبێت یارمەتی کەرتی تایبەت بدەین

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ دلاوەر عەلائەدین سەرۆکی ئینستیۆتیتی مێری
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ دلاوەر عەلائەدین سەرۆکی ئینستیۆتیتی مێری

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان لە دیداری مێری گوتی: ئەگەر دەمانەوێت وڵاتێکی پێشکەوتوومان هەبێت، دەبێت یارمەتی کەرتی تایبەت بدەین.

سێشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان لە ديداری ئینستیتیوتی مێری 2024، بە ناونیشانی (بەرەو حوكمڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی) گوتی: ئەگەر دەمانەوێت وڵاتێکی پێشکەوتوومان هەبێت، دەبێت یارمەتی کەرتی تایبەت بدەین

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتی: ئەگەر دەمانەوێت لە وڵاتێک بەرەو پێشەوە بچین و گەشانەوەی ئابووری گەورە بەخۆمانەوە ببینین، دەبێت یارمەتی کەرتی تایبەت بدەین، زەمینەی بۆ ساز بکەین بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت، کە ئەمە کرا، هەلیکار زیاد دەبێت  و گەنج دەتوانێت خۆی تێدا ببینێتەوە، هاوکات داهێنانی تێدا بکات.

مەسرور بارزانی گوتی: بۆ ئەوەی ئەمە بکرێت، پێویستمان بە وەبەرهێنانە لەناوخۆ و دەرەوە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرێکی دەرەکی بێنیتە کوردستان، دەبێت زەمینەیەکی لەبار هەبێت ، بۆ ئەوەی ئەو متمانەیەت پێ بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد،: متمانە بە چی دەکرێت؟ چەند شتێکی سەرەکی هەیە کە کاری لەسەر کراوە، یەک لەوانە پرسی ئاسایشە، هەر وەبەرهێنەرێک باوەڕی وابێت سەر و ماڵی پارێزراو دەبێت، بە دڵنیاییەکی زیاتر دێت و وەبەرهێنان لە کوردستاندا دەکات.

هاوکات مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە، سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکیی هەیە کە بگونجێت لەگەڵ ئەم سیستەمە پێشکەوتووە جیهانییەی کە هەیە، گوتیشی: سیاسەتی کاش کە ئێستاش لە زۆربەی عێراق باوە، زۆر هاوکار و یارمەتیدەر نییە بۆ وەبەرهێنەران، چونکە ئێستا  بەکرێدیت و ( ئیعتباری بانکیی) و بەدیجیتاڵی و ئەو سیستەمانە کارەکان جێبەجێ دەکرێن.

مەسرور بارزانی گوتی: ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەم بەرنامانەشمان دەستپێکردووە بەوەی هەموو هاووڵاتییەکی کوردستان، جاری یەکەم فەرمانبەرانی حکوومەت، بتوانن هەژماری بانکییان هەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە، ئەو پرۆژەیە یارمەتیی هاووڵاتیی دەدات لەوەی کەی ویستی، چۆن ویستی، چەندی ویست، بتوانێت پارەی خۆی لە بانک دەربێنێت، یاخود مامەڵەی پێوەی بکات، پێویست ناکات پارەی کاش لەگەڵ خۆی بێنێ و ببا.