باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق: بۆ دۆسیەی کۆچبەران 60 ملیۆن یۆرۆمان خەرج کردووە

تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق
تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق

باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، خۆشحاڵین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی گونجاو و شەفاف بەڕێوەچوو، گوتیشی: بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداریکردن ئاماژەی سەرکەوتنە.

 تۆماس سیلەر لە پەراوێزی دیداری مێری ئاشکراشی دەکات، لە پشتیوانی خۆیان بۆ کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی دۆسیەی کۆچبەران بەردەوام دەبن، بۆ ئەم مەبەستەش 60 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەو دۆسیەیە تەرخان کراوە.

تۆماس سیلەر ،باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق  گوتی: خۆشحاڵین هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، بەگوێرەی زانیارییەکانمان بەشێوەیەکی شیاو و شەفاف و دادپەروەرانە بەڕێوەچوو، هەروەها رێژەی بەشداری دەنگدەران زیادی کردووە ئەمەش سەرکەوتنە.

سیلەر گوتیشی: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن سەرکەوتن بووە بۆ کوردستان و عێراق و خەڵکەکەی، لە پەیوەندییە سیاسییەکانمان بەردەوامین و هەروەها دەمانەوێت لە پشتیوانی خۆمان بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی، کەرتی تەندروستی و بەرەوپێشچوون، دروستکردنی دەرفەتی کار بەردەوام بین.

تۆماس سیلەر ئاماژەی بەوە کرد کە، دۆسیەی کۆچکردنیش هەیە و چەندین عێراقی و کورد بەبێ رێگەپێدان لە ئەوروپان، پێویستە لەوبارەیەوەش چارەسەر بدۆزینەوە بۆیە 60 ملیۆن یۆرۆمان تەرخان کردووە بۆ فەراهامکردنی دۆخێك لە عێراق و هەرێمی کوردستان تا خەڵك لێرە بمێننەوە، ئەویش لەڕێگەی دروستکردنی دەرفەتی کار، زیادکردنی پەروەردە، هەروەها باوک و دایك لە خێزانێک کار بکەن تا پارە بۆ ماڵەوە دەستەبەر بکەن.