باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق: بۆ دۆسیەی کۆچبەران 60 ملیۆن یۆرۆمان خەرج کردووە
باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، خۆشحاڵین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی گونجاو و شەفاف بەڕێوەچوو، گوتیشی: بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداریکردن ئاماژەی سەرکەوتنە.
تۆماس سیلەر لە پەراوێزی دیداری مێری ئاشکراشی دەکات، لە پشتیوانی خۆیان بۆ کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی دۆسیەی کۆچبەران بەردەوام دەبن، بۆ ئەم مەبەستەش 60 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەو دۆسیەیە تەرخان کراوە.
تۆماس سیلەر ،باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق گوتی: خۆشحاڵین هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، بەگوێرەی زانیارییەکانمان بەشێوەیەکی شیاو و شەفاف و دادپەروەرانە بەڕێوەچوو، هەروەها رێژەی بەشداری دەنگدەران زیادی کردووە ئەمەش سەرکەوتنە.
سیلەر گوتیشی: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن سەرکەوتن بووە بۆ کوردستان و عێراق و خەڵکەکەی، لە پەیوەندییە سیاسییەکانمان بەردەوامین و هەروەها دەمانەوێت لە پشتیوانی خۆمان بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی، کەرتی تەندروستی و بەرەوپێشچوون، دروستکردنی دەرفەتی کار بەردەوام بین.
تۆماس سیلەر ئاماژەی بەوە کرد کە، دۆسیەی کۆچکردنیش هەیە و چەندین عێراقی و کورد بەبێ رێگەپێدان لە ئەوروپان، پێویستە لەوبارەیەوەش چارەسەر بدۆزینەوە بۆیە 60 ملیۆن یۆرۆمان تەرخان کردووە بۆ فەراهامکردنی دۆخێك لە عێراق و هەرێمی کوردستان تا خەڵك لێرە بمێننەوە، ئەویش لەڕێگەی دروستکردنی دەرفەتی کار، زیادکردنی پەروەردە، هەروەها باوک و دایك لە خێزانێک کار بکەن تا پارە بۆ ماڵەوە دەستەبەر بکەن.