هونەرمەندی میسری مستەفا فەهمی کۆچی دوایی کرد

 

هونەرمەندی میسڕی مستەفا فەهمی، لە دوای تێکچوونی باری تەندروستی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە تەمەنی 82 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان ڕایانگەیاندووە، دوای ئەوەی لەناکاو باری تەندروستی هونەرمەندی میسری مستەفا فەهمی تێکچوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆچی دوای کرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای هەوڵدانێکی زۆر بۆ ڕزگارکردنی و گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هونەرمەند گیانی سپارد.

مستەفا فەهمی، لە مانگی ئابدا لە نەخۆشخانەی شێخ زەید نەشتەرگەری مێشکی بۆ کراوە. ئەمەش دوای ئەوەی لەناکاو باری تەندروستی ئەو هونەرمەندە تێکدەچێت و تووشی وەرەمی مێشک دەبێت نەشتەرگەرییەکی خێرای بۆ دەکرێت و بەهۆی نەشتەرگەرییەکەوە تووشی جەڵتەی مێشک دەبێت، پاشان بارودۆخی جێگیر دەبێت، بەڵام تووشی گرفتی ئیفلیجی دەبێت و ئەمڕۆ چوارشەممە کۆچی دوایی دەکات.

هونەرمەند مستەفا فەهمی لە مانگی ئابی ساڵی 1942 لەدایک بووە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە پەیمانگای سینەما بەشی فۆتۆگرافی تەواو کردووە، هەروەها هونەرمەند لە ماوەی ژیانی هونەریدا چەندان بەرهەمی سینەمایی و دراماتیکی پێشکەش کردووە، وەک یاریدەدەری فۆتۆگرافی لە فیلمی "شازادەی خۆشەویستیم" کە لە ساڵی 1974 بەرهەم هێنراوە، دەستی بە کارە هونەریەکانی کردووە.

سەبارەت بە دوایین کارەکانیشی، بەشداری فیلمی "السرب" بوو، کە بەم دواییە لە سینەماکان نمایشکرا و لە ڕووی داهاتەوە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا لە نووسینی عومەر عەبدولحەلیم و لە دەرهێنانی ئەحمەد نادر جەلال بووە.