ئاکرێ.. ئەمرۆ زەوی دەدرێت بە فەرمانبەران

قایمقامی ئاکرێ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار فەرمانبەر زەوی وەردەگرن.

چوارشەممە، 30ـی ئۆکتۆبەری 2024، دلاوەر بوزۆ، قایمقامی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ئاکرێ بە ئامادەبوونی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، ئەمڕۆ بە تیروپشک زەوی بەسەر هەزار و 59 فەرمانبەر، دابەش دەکرێت".

قایمقامی ئاکرێ گوتیشی: "زیاتر لە دوو هەزار زیندانی سیاسی و پێشمەرگە، خاوەن پێداویستی تایبەت و فەرمانبەر، کە پێشتر فەرمانی پێدانی زەوییان لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەرچووە، لە قۆناغی دووەم زەوی وەردەگرن."

دلاوەر بوزۆ، ڕاشیگەیاند "لەم قۆناغی یەکەمەدا هەزار و 95 فەرمانبەر 200 مەتر زەوی وەردەگرن  و لە قۆناغی دووەمیش ئەو فەرمانبەرانەی کە ماون، وەری دەگرن."

لای خۆیەوە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر هەر کەسێک گرفتێک یاخود هەست بە ستەم دەکات، دەرگاکانمان بۆیان کراوەتەوە بە ئامادە بوونی دادوەر، دەتوانێت ئەوەی هەیە پێمان بڵێت، بۆ ئێمە هەموو هاووڵاتییەک وەک یەکە.

پارێزگاری دهۆک دەڵێت: "ئەو کەسانەی پشتگیرییان نەهێناوە یاخود ناوی خۆیان نەنووسیووە، یان مامەلەی خۆیان نەکردووە، ڕەنگە لە کەمتەرخەمی خۆیان بێت، ئەوانەشی ناویان نووسییوە بە پێی بەروار و ڕیزبەندی زەوی وەردەگرن".

دەشڵێت: "ئەگەر هەر هاووڵاتییەک هەست بە ستەم دەکات دەتوانێت پەیوەندی بکات بۆ پشتراست کردنەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە".

عەلی تەتەر راشیگەیاند، "ئەو هاووڵاتییانەی کە پارچە زەوی وەرناگرن لەم قۆناغە، دڵنیایان دەکەینەوە لە قۆناغی دووەم زەوی وەر دەگرن".

لە ـ16ی ئەم مانگە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستی پێ کرد، دواتر لە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان دەست کرا بە دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا.

لە 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش بکرێت؛ بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو فەرمانبەرانە سوودمەند دەبن کە پێشتر پارچە زەوییان پێ نەدراوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment