محەمەد باقر قالیباف بە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرا

قالیباف لە نێو بناژۆخوازەكاندا چووه‌ته‌ نێو سیاسەت

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی خولی 11ـیەمی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، محەمەد باقر قالیباف کە نوێنەری خەڵکی تارانە، بە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرا.

رۆژی هەیینیی 21ـی شوباتی 2020 هەڵبژاردنی خوولی 11ـی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو و 290 پەرلەمانتار هەڵبژێردران. لەوکاتەشەوە سەرۆکێکی کاتی کە بەتەمەنترین پەرلەمانتار بوو، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی دەکرد.

قالیباف لە نێو بناژۆخوازەكاندا چووه‌ته‌ نێو سیاسەت و لە دوا ھەڵبژاردنی پەرلەماندا دەنگی یەكەمی تارانی بەدەستھێنا، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 28-5-2020)‌ به‌ دەنگی 230 پەرلەمانتار لەکۆی 267 پەرلەمانتار کە دەنگیان دابوو، بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

ژیاننامەی قالیباف:

- ئەفسەر بووە لە سوپای پاسداران

- سه‌رۆكی شاره‌وانی تاران بووە لە 2005 بۆ 2017 

- بەرپرسی قەرارگەی خاتەم ئەنبیا بووە لە 1994 بۆ 1997 

- فەرماندەی سوپای ئاسمانی بووە لە 1997 بۆ 2000

- سەرۆکی پۆلیسی ئێران بووە لە 2000 بۆ 2005