ئاوەڕۆی دهۆک: ئامادەکاریی تەواومان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو کردووە

ئەندازیار یوونس جانۆ، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی پارێزگای دهۆک
ئەندازیار یوونس جانۆ، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی پارێزگای دهۆک

بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی پارێزگای دهۆک هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە، ئامادەکاریی تەواویان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات "زیاتر لە 232 ئاوەڕۆی شارەکەیان نۆژەن و پاککردووەتەوە." 

شەممە، 03-11-2024، بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24 لە شاری دهۆک ڕایگەیاند "شەوی ڕابردوو بڕێک باران لە شارەکە باریوە، بەڵام بەو ڕادەیە زۆر نەبووە ببێتە هۆی هەستانی لافاو یان دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ هاووڵاتی، قوتابی و فەرمانبەران؛ بۆیەش کارگێڕیی پارێزگاکە بە پێویستی نەزانیووە پشووی فەرمی ڕابگەیەنێت."  

ئەندازیار یوونس جانۆ، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی پارێزگای دهۆک بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پێش هاتنی وەرزی زستان، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان چەندان کۆبوونەوە بە مەبەستی ڕێگریی لە هەستانی لافاو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکات و بۆ ئەمساڵیش ئامادەکاریی تەواومان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو کردووە." 

ئەندازیار یوونس جانۆ باسی لەوەش کرد "شاری دهۆکمان بۆ سەر شەش زۆن دابەش کردووە؛ دوو لەو زۆنانە دەکەونە سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، سێیانی دیکە دەکەونە سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانی و دانەکەی دیکەش دەکەوێتە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی. ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبن بۆ ڕێگەگرتن لە هەستانی لافاو لە هەر شەش زۆنەکە یان ئەگەر لافاویش هەستا، تیمەکانمان بە زووترین کات بگەنە شوێنی مەبەست و هاکاریی هاووڵاتییان بکەن."

بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، توانیویانە زیاتر لە 232 ئاوەڕۆی ئەو ناوچانەی لە مانگی ئاداری ڕابردوو، لافاو لێیان هەڵسا، پاک و نۆژەن بکەنەوە؛ ئێستەش تیمەکانیان لە چەندان شوێنی دیکە خەریکی پاککردنەوەی ئاوڕۆکان و چارەکردنی ئەو کێشانەن. 

بە گوتەی ئەو ئەندازیارە "مەترسیی هەستانی لافاو لە ڕووباری هشکەڕووی شاری دهۆک کەم بووەتەوە، چونکە ڕووبارەکە پاک کراوەتەوە و ئەو کێشانەمان چارە کردوون کە وایان کرد لە مانگی ئاداری ڕابردوو، لافاو ڕوو بدات. هاوکات بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خاوەنی خانووەکانی دەورووبەری ڕووبارەکە قەرەبووکراونەتەوە و خانووەکان چۆڵ کراون."

لەبارەی ئەو شوێنانەی شارەکە کە مەترسیی هەستانی لافاویان لەسەرە، ناوبراو ڕوونی کردەوە "چوار پێنج شوێن لە شاری دهۆک هەن مەترسیی هەستانی لافاویان لەسەرە، بەڵام تیمەکانمان لەو ناوچانە جێگیرکردوون بۆ ئەوەی لە کاتی هەستانی لافاو، هاوکاریی هاووڵاتییان بکەن و کێشەکان چارە بکەن."