کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ڕاگەیەنرا
بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لە ڕاگەیەندراوێکدا کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.
کەشی ئەمڕۆ یەکشەممە، 03-11-2024ـی بەشێک لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
- لە ناوەندی شاری هەولێر و ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، کاریگەرىی باران و شەپۆلەکەی بەردەوام دەبێت. لە نیوەڕۆوە دووبارە باران دەست پێ دەکاتەوە و ڕێژەى بارین بۆ لێزمەی ناو بەناو زیاد دەکات؛ کاریگەریى ئەم کەشە ناسەقامگیرە تا کاتەکانى شەو درەنگ دەمێنێتەوە.
- لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ، ئاسمانى ئەم ناوچانە زیاتر نیمچە هەور دەبێت، کاریگەرىی باران لەم ناوچانە بە شێوەى نمە بارانى پچڕ پچڕ لەسەر هەندێک ناوچە لە هەندێ کاتدا دەبێت.
- لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى ڕاپەڕین، کاریگەرىی شەپۆلى باران بەردەوام دەبێت. لە دواى نیوەڕۆوە باران لەسەر ناوچە جیاجیاکانى سنوورى ئەم ناوچانە دەست پێ دەکات و مامناوەند دەبێت. هەروەها لێزمەباران لەسەر بەشێک لە ئیدارەى ڕاپەڕین و باکوورى پارێزگاى سلێمانى دەبێت کە هەورە برووسکەشی دەبێت.
- لە ئیدارەى گەرمیان و پارێزگاى کەرکووک ئاسمان نیمچە هەور دەبێت. ئەگەرى نمە باران هەیە لە دواى نیوەڕۆ. لەشەودا کاریگەرىی بارین زیاد دەکات و هەندێ کات دەگۆڕێت بۆ بارانى مامناوەند .
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، سبەینێ دووشەممە، 04-11-2024، شەپۆلى باران بە گشتى لە سەر ناوچەکەمان لاواز دەبێت، ئاسمانى هەرێمی کوردستان نیمچە هەور دەبێت؛ باران بە شێوەى نمە باران و هەندێ کات بارانى مامناوەند لە سەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت، لە سەنتەرى شارەکان نمە باران و هەندێ کات هەورەبرووسکە دەبێت .
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : 21 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 21 پلەى سیلیزى
دهۆک: 24 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 24 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 21 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 26 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 12 پلەى سیلیزى
سۆران: 17 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 28 پلەى سیلیزى