ئەمنێستی داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات کۆتایی بە چەوساندنەوەی دانیشتووانی کەمپەکان بهێنێت

خراپی دۆخی کەمپەکانی عێراق و چەوساندنەوەی دانیشتووانەکانیان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە "ئەمنێستی" هێناوەتە دەنگ.

دۆخی کەمپەکانی عێراق سات دوای سات خراپتر دەبێت، بە جۆرێک رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە "ئەمنێستی" ڕاپۆرتێکی لەسەر خراپی دۆخی کەمپی جەدعە لە باکووری عێراق کردووە، ئەم کەمپە وەک ناوەندێکی شیاندنەوە بەکاردێت بۆ ئەو هاووڵاتییە عێراقیانەی لە کەمپی هۆل لە سووریاوە دەگەڕێندرێنەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دانیشتووانی ئەم کەمپە لە دۆخێکی زۆر خراپ دەژین و بە لێدان و شۆکی کارەبا دەچەوسێنرێنەوە. ئەمەش ئەمنێستی هێناوەتە دەنگ و داوای ڕاگرتنی ئەم توندوتیژییە دەکات.

کەمپی جەدعە دەکەوێتە باکووری عێراق، تێکڕای دانیشتووانی ئەم کەمپە پێکهاتووە لە 2 هەزار و 223 کەس، لەو ژمارەیەش هەزار و 318 کەسیان منداڵن، 627یش ئافرەت و 278ـەکەی دیکەش پیاون. 

بەپێی ڕاپۆرتی "ئەمنێستی"  دانیشتووانی ئەم کەمپە بە چەندین شێوە دەچەوسێنرێنەوە، لەوانەش شوێنبزرکردن، %75ـی کەیسەکانی توندوتیژی دەگرێتەوە، لە 14 ڕۆژ تاوەکو 3 مانگ بە ناوچاری و لەژێر فشار شوێنبزر دەکرێن. 

جۆرێکی دیکەش بەهەڵە دەستگیرکردنە، بەو پێیەی دانیشتووانی ئەم کەمپە لە کەمپی هۆل گەڕێنراونەتەوە، بەشێک لە دانیشتووانی کەمپی جەدعە بە هەڵە بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ داعش دەستگیر کراون. 

جۆرێکی دیکەی توندوتیژی، لە زیندان بەشێوەیەکی نامرۆڤانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت، 75 لەسەدی ئەوانەی لەم کەمپە دەستگیردەکرێن، بۆ هەریەک لە زیندانی ناسریە و بابل دەگوازرێنەوە. لە زیندانەکەدا ئاو، خواردن و خزمەتگوزاریی پزیشکی پێویست نییە، 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دووپاتی دەکاتەوە، دەبێت بەزووترین کات حکوومەتی عێراق کۆتایی بە چەوساندنەوەی دانیشتووانی کەمپەکان بهێنێت. ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕاپۆرتەکەیان بۆ حکوومەتی عێراق ناردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق وەڵامی ڕاپۆرتەکەی ئەمنێستییان نەداوەتەوە.