لە هەولێر تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی دەکرێت

پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، ڕۆژی پێنج شەممە 7ـی 11 لە هەولێر، تیروپشک بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەکرێت.

سێشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2024، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕۆژی پێنج شەممە تیروپشک بۆ دابەشکردنی سێ هەزار پارچە زەوی بەسەر شایستەبوواندا دەکرێت و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و لە قۆناغی داهاتوو زیاتر لە دوو هەزار پارچە زەوی لە شارەوانی هەولێر دابەش دەکرێت."

سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: "لە ماوەیەکی نزیکدا تیروپشک بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە هەولێر دەست پێ دەکات و سەرجەم ڕێکارەکان کۆتایی هاتوون."

لە 16ی مانگی ڕابردووە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و یەکەم جار ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی ڕاگەیاند. 

ڕووبەری ئەو زەوییەی بە هەر فەرمانبەرێک دەدرێت 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنیشی بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی و ساڵانی خزمەت و ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون دەبێت.