ئەمەریکا گیانسپاردنی سەربازێکی لە غەززە ڕاگەیاند

وێنەی ئەو سەربازە ئەمەریکییەی لە غەززە گیانی سپاردووە
وێنەی ئەو سەربازە ئەمەریکییەی لە غەززە گیانی سپاردووە

سوپای ئەمەریکا گیانسپاردنی سەربازێک و برینداربوونی دووانی دیکەی لەمیانی "ئەرکێکی ناجەنگیدا" لە غەززە ڕاگەیاند. 

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 04-11-2024، سوپای ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد, سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ، سێ سەربازیان لەمیانی "ئەرکێکی ناجەنگیدا" لە کەناراوەکانی غەززە، بریندار بوون؛ بەڵام یەکێکیان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، 31-10-2024، گیانی سپاردووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "سێ سەربازەکە، لە کاتی دروستکردنی سەکۆیەکی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە کەناراوەکانی غەززە بریندار بوون و ئەوەی گیانی سپاردووە ناوی 'کوانداریۆس داڤۆن ستانلی' تەمەن 23 ساڵ و پلەکەیشی عەریف بووە." 

سوپای ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کردووە, دوو سەربازەکەی دیکەیان کە لە هەمان ئەو "ئەرکە ناجەنگییەدا" لە کەناراوەکانی غەززە بریندار بوون، لەبەر ئەوەی برینەکانیان سووک بووە؛ دوای ئەوەی تیمار کراون، گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.

دروستکردنی ئەو سەکۆیە لە کەناراوەکانی غەززە؛ بە مەبەستی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بوو، بۆ ئاوارەکانی غەززە کە بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و چەکدارانی قەسام (باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی)ـیەوە لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین و ڕۆژانە بە زەحمەت ئاو و خواردنیان پێ دەگات.