قازانجەکانی ئارامکۆی سعوودیە لەسەدا 15 کەمیان کردووە
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودیە ڕایگەیاند "داهاتی پوختی چارەکی سێیەمی ئەمساڵی 2024، بەڕێژەی لەسەدا 15 کەم بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی دابەزینی نرخی بەرهەمهێنان و نەوت."
ئەو گرووپە پێنجەم گەورەترین کۆمپانیایە لە جیهاندا، گەورەترین هەناردەکاری نەوتە، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە "داهاتی ساڵی پاریان 32.58 ملیار دۆلار بووە ئەمساڵ بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دابەزیووە بۆ 27.6 ملیار دۆلار."
کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە "ئەنجامی بازرگانی و پارەی ئارامکۆی سعوودیە بەشێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر نرخ و بڕی فرۆشتنی هایدرۆکاربۆن و بەرهەمە پاڵێوراوەکان و ماددە کیمیاوییەکان لە بازاڕدا هەیە."
ئێستا بەرهەمی نەوتی سعوودیە نزیکەی نۆ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، ئەمەش کەمترە لە توانای ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی کە 12 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
سعوودیە و حەوت ئەندامی دیکەی گرووپی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، ئۆپێک پڵەس، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ڕایانگەیاند "کەمکردنەوەی خۆبەخشانە 2.2 ملیۆن بەرمیل کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2023 ڕاگەیەندرابوو بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ دەکەنەوە، تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو."
ئارامکۆ، بربڕەی ئابووریی سعوودیە و سەرچاوەی سەرەکیی داراییە بۆ "دیدگای 2030"، کە پلانی چاکسازی ئابووری و کۆمەڵایەتیە بە ئامانجی ئامادەکردنی سعوودیە بۆ سەردەمی دوای نەوت."
قازانجی کۆمپانیاکە بودجەی بۆ پڕۆژە گەورەکان دابین دەکات لەوانە شاری 'نیۆم'، کە شارێکی ئایندەیی فراوانە لە باکووری ڕۆژئاوای سعوودیەیە.
کۆمپانیای ئارامکۆ لە ساڵی 2022دا، قازانجێکی پێوانەیی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، کە ئەو شەڕە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئەمەش ڕێگەی بە سعوودیە دا لە ماوەی نزیکەی 10 ساڵدا یەکەم زیادەی بودجەی خۆی تۆمار بکات.
لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا قازانجەکان بەڕێژەی لەسەدا 14.5 کەمیان کردووە، لە چارەکی دووەمیشدا بەڕێژەی لەسەدا 3.4 کەمیان کردووە.