هیندستان.. دانیشتووانی گوندی باپیرانی هاریس نزا بۆ سەرکەوتنی دەکەن
دانیشتووانی گوندی باپیری کامالا هاریس نزا دەکەن کاندیدی دیموکراتەکان ببێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا.
دانیشتووانی گوندی بـابی دایکی کامالا هاریس، لە باشووری هیندستان؛ ئەمڕۆ سێشەممە، 05-11-2024، نزا و نوێژی بەکۆمەڵیان بۆ سەرکەوتنی کاندیدەکەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کرد.
باپیرەی هاریس زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر، لە گوندی "تولاسێندراپورام"ـی ویلایەتی تامیل نادویی هیندستان لە دایک بووە کە زیاتر لە 13 هەزار کیلۆمەتر لە واشنتۆنەوە دوورە. ئەمڕۆ دانیشتووانەکەی پێکەوە لە پەرستگایەکی هیندۆسی نزای سەرکەوتنیان بۆ کامالا کرد.
دانیتشووانی گوندەکە، بە ئاژانسەکانی هەواڵیان ڕاگەیاندووە "ئەگەر کامالا هاریس دەربچێت، ئاهەنگێکی گەورە دەگێڕن و شیرینیش دابەش دەکەن."
ئەگەر کامالا هاریس دەربچێت، دەبێتە یەکەم ئافرەت لە مێژوودا ببێتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا؛ دوای باراک ئۆباما، دەبێتە دووەم ڕەشپێست، ئەو پۆستە وەربگرێت.
چوار ساڵ لەمەوبەر کاتێک جۆو بایدن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2020ـی بردەوە و کامالا هاریسیش بووە جێگری، دانیشتووانی ئەم گوندە بە کۆمەڵ ئاهەنگیان گێڕا، فیشەکەشێتەیان تەقاند و خواردنیان دابەش کرد.
WATCH | Tamil Nadu: Special Puja offered for the victory of US Presidential candidate #KamalaHarris at her ancestral village Thulasendrapuram. pic.twitter.com/ONCWTDnXQa
— TIMES NOW (@TimesNow) November 5, 2024
کاتژمێر 02:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 05-11-2024، (بە کاتی هەولێر) 60ـەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە 186 ملیۆن کەس لەو وڵاتە تۆمارکراون و مافی دەنگدان و بەشداربوونیان لەم هەڵبژاردنە هەیە.
لەم هەڵبژاردنەدا، وەک هەمیشە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، دۆنالد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کاندیدی کۆمارییەکانە و کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا کاندیدی دیموکراتەکانە.
لە هەڵبژاردنی پێشوەختە زیاتر لە 75 ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا کردووە و ئەمڕۆ کۆتایی هەڵبژاردنەکە دەبێت بۆ ئەوەی 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێت.