کێشەیەکی گەورەی نێوان تێن هاگ و کارگێڕی مانچێستەر یونایتد ئاشکرا بوو

تێن هاگ کێشەی لەگەڵ کارگێڕی مانچێستەر یونایتد هەبووە

تێن هاگ و زیرکزی
تێن هاگ و زیرکزی

کڕینی یاریزانێك لە هاوینی رابردوو نێوانی ئێریك تێن هاگ و کارگێڕی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی تێکدا.

ئێریك تێن هاگی هۆڵەندی و راهێنەری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد بەهۆی کڕینی یاریزانێكەوە بە تەواوی لە کارگێڕی شەیتانە سوورەکان تووڕە بووە و کێشەکەی تەقیوەتەوە.

بە پێی هەواڵێکی رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی، لە هاوینی رابردوو تێن هاگی راهێنەری پێشووی شەیتانە سوورەکان لە گرێبەستکردن لەگەڵ جۆشوا زیرکزی تووڕە بووە و نەیویستووە کارگێڕی مانچێستەر یونایتد ئەو یاریزانە بهێننە یانەکەیەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: راهێنەرە هۆڵەندییەکە ویستوویەتی گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی دیکە واژۆ بکەن بە بیانووی ئەوەی ئەو یاریزانە گۆڵ زۆر تۆمار ناکات، بەڵام کارگێڕی یانەکە گوێیان بە تێن هاگ نەداوە و گرێبەستیان لەگەڵ زیرکزی واژۆ کردووە.

"زە سەن" زیاتر روونکردنەوەی نووسیووە و دەڵێت: دوای گرێبەستەکە تێن هاگ زۆر دڵتەنگ بووە، کاتێك زیرکزی گەیشتووەتە یانەکە کێشی زۆربووە و بە زەحمەت توانیویەتی دایبەزێنێت، ئەمەش لەگەڵ پێوەرەکانی یانەکە نەدەگونجا.

زیرکزی لە یەکەم یاریی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد توانی گۆڵ بەرامبەر فولهام تۆماربکات، بەڵام دواتر لە 14 یاریی لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکان هیچ گۆڵێکی تۆمارنەکردووە.

هاوینی رابردوو کارگێڕی مانچێستەر یونایتد بە بڕی 43.5 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستیان لەگەڵ یاریزانەکە واژۆ کرد و بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 50 ملیۆن یۆرۆیە.