ئەمڕۆ بەرەی مقاوەمەی عێراق شەش هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە بەلایەنگری ئێران هەژمار دەکرێت، ڕایگەیاند "بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر باشووری ئیسرائیل."
سێشەممە، 5-11-2024، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا لە تێلێگرام بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە "هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی گرنگ لە باشووری ئیسرائیل" ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمە شەشەمین هێرشە کە ئەمڕۆ کردوومانەتە سەر ئیسرائیل."
بەرەی مقاوەمە ڕایگەیاندووە "سێ لە هێرشەکانی بۆ سەر حەیفا بووە، هەروەها دوو هێرشی دیکە بۆ سەر باکوور و هێرشێکیش بۆ سەر باشووری ئیسرائیل بووە."
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ڕۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باشووری ئیسرائیل کراوە."
لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکرێتە سەر ئیسرائیل، بەبێ ئەوەی ئیسرائیل لایەنێکی دیاریکراو تۆمەتبار بکات، چەندجارێکیش ڕایگەیاندووە کە لە دەرەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی ڕێگریی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان کردووە.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، ئەمەریکا ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە پەیامێکی ئاگادارکردنەوەی بۆ گروپەچەکدارەکانی عێراق ناردووە، بەوەی کۆشکی سپی بەتەواوی نیگەرانە لە کار و کردەوەکانی ئەم دواییانەی گرووپەچەکدارەکان.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش داوە "لەپەیامەکەی ئەمەریکادا هاتووە، کۆشکی سپی نیگەرانە لە هەوڵی گروپەچەکدارەکان بۆ تێوەگلاندنی عێراق لە بازنەی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆشداری داوە لەوەی کۆتاییەکەی باش نابێت."