وەزیری کشتوکاڵ: هانی وەبەرهێنەرانی ئیتاڵی دەدەین وەبەرهێنان لە کوردستاندا بکەن
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستە لە ئیتاڵیایە دەڵێت: "هانی وەبەرهێنەران و خاوەن پرۆژەکانی ئیتاڵیامان کردووە، بێنە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان بکەن."
چوارشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2024، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی فەرمی خۆی بڵاوی کردووەتەوە "لەگەڵ ستافێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ڕێزان حەمە ساڵح، لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و سەروەری خۆراک و دارستانی حکوومەتی ئیتاڵیا فرانسیسکۆ لۆلۆبریجیدا کۆبوینەوە."
وەزیری کشتوکاڵ ئاشکرای کردووە "لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆیان لەبارەی هەماهەنگی و بایەخدان بە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و ئیتاڵیا کردووە، بەئامانجی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری و سامانی ئاژەڵ، هەروەها ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن و هەلیکار و پاڵپشتیی حکوومەتی ئیتاڵیا بۆ کاراکردنی سەنتەرەکانی توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی، سەرباری ڕەخساندنی دەرفەتەکانی ڕاهێنان و شیاندنی توانای جووتیاران و فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها پاڵپشتی دارایی و تەکنیکی پڕۆژەکانی کشتوکاڵیی وەزارەت و هاندانی وەبەرهێنەران و خاوەن پڕۆژەکانی حکوومەتی ئیتاڵیا بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا سەرمایەگوزاری بکەن و سوود لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و کەش و هەوای لە باری هەرێمی کوردستان وەربگرن."
دەشڵێت: "لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەختمان لە سازدانی کۆڕبەندی ئابووری و کشتوکاڵی نێوان کوردستان و ئیتاڵیا کردەوە بە بەشداریی لایەنە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێم و نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا."