تورکیا.. پیاوێک بە ساتور هەڵدەکوتێتە سەر بارەگای ئاکپارتی

هێرشکەرەکە: خەونم بینی و پێیانگوتم هێرشیان بکە سەر

لە پارێزگای ئیدری باکووری کوردستان، پیاوێک بە ساتور هەڵیکوتایە سەر بارەگای ئاکپارتی، بەڵام دوای دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە هێرشکەرەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی کرا.

مێدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، ڕووداوی هەڵکوتانە سەر بارەگەی ئاکپارتی دوێنێ سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2024، لە پارێزگای ئیدری باکووری کوردستان بووە، بەڵام زیانی بە هیچ کەسێک نەگەیاندووە، بەڵام بکەری هێرشەکە بەر لەوەی دەستگیر بکرێت، لە کامێراکانی چاودێری دەرکەوتووە کە ساتورەکەی دەستی بەرز دەکاتەوە و هەڕەشە دەکات، تا دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێ.

هەر بە گوێرەی مێدیاکان، ئەمڕۆ چوارشەممە6ـی تشرینی دووەمی 2024، دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی لێکۆڵینەوە، هێرشکەرەکە بە بڕیاری دادوەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی کراوە، هەروەها لە لێکۆڵینەوەدا هێرشکەرەکە گوتوویەتی: "کەسێک بە جلوبەربەرگێکی سپی هاتووەتە خەونی و ساتورێکی داوەتە دەستی و داوای لێکردووە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بووەنەتە هۆی ناکۆکی نێوان خەڵک."

ئەو کەسە دەڵێت: کاتێ بەیانی کە خەبەری بووتەوە سەرەتا چووەتە نزیک باڵەخانەی شارەوانی و پرسیاری بارەگەی ئاکپارتی کردووە و خەڵکی بە بینینی ساتورەکەی دەستی ترساون.

هەروەها ئاماژەیداوە، دوای شکاندنی دەرگەی دواوەی بارەگەکە، پاسەوانەکان داوایان لێکردووە ساتورەکەی دەستی دابنێت و خۆی ڕادەست بکات و ئەویش دوای ئەوەی لەوێ چاوی بە باوکی کەوتووە ساتورەکەی داناوە و خۆی ڕادەست کردووە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، هێرشکەرەکە پێشینەی چەند تاوانێکی دیکەی هەبووە، لەوانە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، هەڕەشەکردن، پشێوی نانەوە و تێکدانی ئاسایش، بە هۆیانەوە سێجار دەستگیر کراوە، هەربۆیە بە بڕیاری داوەری لێکۆڵینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی شاری سامسون کراوە.

لە کامێراکانی چاودێری گرتەی هێرشکەرەکە لەبەردەم بینای شارەوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە کە بە ئاماژەدان بە کامێراکان بە ساتور هەڕەشە دەکات.