بڕیارێكی نوێ لە پارێزگای ھەولێرەوە
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاردراوە
K24 - ھەولێر
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارێزگای ھەولێر بە ئامادەبوونی بەڕێوبەری گشتی كارەبای ھەولێر بڕیاردرا، دەست بە ھەڵمەتی بڕینی كارەبای زێدەڕۆ بكرێتەوە.
لە راگەیەندراوێكدا پارێزگای ھەولێر رایگەیاند: "ئەمڕۆ 2020/5/31، بە سەرپەرشتی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش جێگرانی پارێزگار و حوسێن حەمەد بەرێوەبەری گشتی کارەبای هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا و بۆ باشتر کردنی دۆخی کارەبا و نەهێشتنی زێدەڕۆیی و سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا بڕیاردرا:-
لە رۆژی یەک شەممەی داهاتوو 2020/6/7 دووبارە دەست دەکرێتەوە بە هەڵمەتی بڕینی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبای هاوبەشانی پۆلەکانی (بارزگانی گەورە و پیشەسازی و کشتوکاڵ)ی، بۆ ئەو مەبەستە داوا لە هاوبەشانی ئەو پۆلانە دەکەین کە هەر جۆرە سەرپێچییەکیان لەسەر پێوەری کارەبا و تۆڕەکانی کارەبا ئەنجامداوە، سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا بکەن بەمەستی نەهێشتنی سەرپێچییەکان، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبنەوە".