هاوکاریی مانگی 10ـی هاوپەیمانان دابەش دەکرێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەکان بە شێوازی دیجیتاڵی لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من" لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

تیمی پرۆژەی "هەژماری من" بـە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بۆ مانگی 10، 26 هەزار و 650 پێشمەرگە هاوکاری دارایی هاوپەیمانان وەردەگرن؛ 15 هەزار و 872 پێشمەرگە لە پارێزگای هەولێر، پێنج هەزار و 833  پێشمەرگە لە پارێزگای سلێمانی، چوار هەزار و 945 پێشمەرگەش لە پارێزگای دهۆک."

بڕی هاوکارییەکە بۆ هەر پێشمەرگەیەک 313 هەزار دینارە و کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 07-11-2024، خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکانیان. سوودمەندان دەتوانن لە هەر سێ پارێزگاکە بە ئاسانترین شێوە لە ڕێگەی 242 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ئەی تی ئێم) لە 78 بنکەی جیاواز مووچەکانیان وەربگرن.

ئەو هاوکارییە داراییەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ڕۆژی چوارشەممە، 6-11-2024،  خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.