ئەڵمانیا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی سیاسی بووەتەوە

وەزیری دارایی ئەڵمانیا 'کریستیان لیندنەر'
وەزیری دارایی ئەڵمانیا 'کریستیان لیندنەر'

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، ئەڵمانیا تووشی قەیرانێکی سیاسی گەورە بووەوە، ئەویش دوای لەکارلابردنی وەزیری دارایی لەلایەن ڕاوێژکاری ئەڵمانیاوە، هەموو وەزیرەکانی پارتی لیبراڵ لە حکوومەت کشانەوە.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ئۆلاف شوڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند "وەزیری دارایی کریستیان لیندنەری لە کارەکەی دوورخستووەتەوە، چوونکە چەندین جار خیانەتی لەو متمانەیە کردووە کە من پێم دابوو." دەشڵیت: "کاری حکوومەت جیددیە نابێت بەوشێوەیە بێت."

لیندەر، سەرۆکی پارتی لیبراڵ و هاوپەیمانی حکوومەتە، تەنها چەند کاتژمێرێک بەسەر ئەو بڕیارەی شوڵتزدا تێپەڕی، هەموو وەزیرە لیبراڵەکان کشانەوەی خۆیان لە حکوومەت ڕاگەیاند و بەم شێوەیە، شوڵتز، زۆرینەی دەنگەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەدەست دا.

ڕەنگە ئەم بوومەلەرزە سیاسییە لە خراپترین کاتدا بێت بۆ ئەڵمانیا، چونکە ئێستا ئابووریی ئەورووپا بەدەست قەیرانێکی پیشەسازیی جددییەوە گرفتارە، هەروەها  نیگەرانیشن لە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.

شوڵتز، پاساوی بڕیارەکەی بۆ دوورخستنەوەی وەزیری دارایی گوتی: "پێویستمان بە حکوومەتێکە کە توانای کارکردنی هەبێت و دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت بڕیاری پێویست بۆ وڵاتەکەمان بدات" ئاماژەی بەوەش کرد "لە ڕێگەی هاوپەیمانییەکی سێ لایەنەوە پۆستی ڕاوێژکاری بەدەست هێناوە کە بریتین لە پارتی سۆسیال دیموکرات بە سەرۆکایەتیی خۆی، دیموکراتە ئازادەکان بە سەرۆکایەتیی لیندنەر و پارتی سەوز."

ڕاوێژکارەکە دەشڵێت: "بە نیازە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دەنگی متمانە بە حکوومەتەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان، هەروەها ڕەنگە دەنگدانەکە لە 15ـی 1 بکرێت، دواتر ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن بڕیار بدەن کە ئایا دەیانەوێت ڕێگە خۆشبکەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە یان نا."

دوورخستنەوەی لیندنەر، لە میانی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازدا بوو لە بارەگای ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کە کەسایەتییە سەرەکییەکانی سێ لایەنی پێکهێنەری هاوپەیمانی حکوومەتی لەخۆ گرتبوو، بەپێی زانیارییەکان، دەرکردنی ئەو کەسە لە کاتێکدا بوو کە ناکۆکییەکە لەسەر ڕێگاکانی بوژاندنەوەی ئابووریی ئەڵمانیا و بودجەی خەرجییەکان بووە، کە چەند هەفتەیەک بوو لە نێوان سۆسیال دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتیی شوڵتز و هاوپەیمانەکانی سەپێنرابوو."

لیندنەر، پێشنیاری پەسەندکردنی چاکسازییە ئابوورییە گشتگیرەکانی کرد کە دوو لایەنەکەی دیکە دژی بوون، و بە ڕوونی بیرۆکەی جێهێشتنی هاوپەیمانییەکەی خستەڕوو، قەیرانەکە ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ڕەنگە لە مانگی ئاداردا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە بچێت. یانیش دەبێت شۆڵتز و سەوزەکان هەوڵ بدەن حکوومەتەکەیان بە کەمینەیی بمێننەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو کە بڕیارە مانگی ئەیلوولی داهاتوو بەرێوە بچێت.

 

لە ناوەڕاستی ئەو ئاژاوەگێڕییەدا، شوڵز داوای لە دوو هاوبەشەکەی هاوپەیمانی کرد کە ڕێبازێکی پراگماتیک بگرنەبەر بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. گوتیشی: "ڕەنگە ئێمە دیدگای سیاسی و کۆمەڵایەتیی جیاوازمان هەبێت، بەڵام لە یەک وڵاتدا دەژین، زیاتر هەیە کە یەکمان دەخات نەک دابەشمان بکات."

 

لای خۆیەوە. ڕۆبەرت هابێک، جێگری ڕاوێژکاری پارتی سەوز هۆشداری دا لەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کێشە ئابوورییەکانی ئەڵمانیا و شەڕی ئۆکرانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا وایکردووە “خراپترین کات بۆ شکستهێنانی حکومەت.” دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی ترەمپ، هابێک داوای لە لایەنە شەڕکەرەکانی بەرلین کرد کە عەقڵی ساغ بەکاربهێنن و وتی: "دەبێت ئێستە حکوومەت بە تەواوی بتوانێت کار بکات."

 

هەروەها لارس کلینگبێل، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات پێی وابوو کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا "جیهان دەگۆڕێت" و داوای دۆزینەوەی یەکلاییکردنەوە دەکات "چونکە، توانای ئەوەمان نییە چەند هەفتەیەک دانوستان لەناو حکوومەتدا بکرێت." شوڵز و هاوبەشەکانی هاوپەیمانی ڕەخنەی توندیان بەرکەوت لەلایەن مێرێتز، سەرۆکی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحیەکانەوە، کە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد کە تێیدا ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری زۆرە کاندید دەبێت.