خەلیل غازی: عێراق لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان قازانج دەکات

بۆریەکانی عێراق کەڵکی نەماوە و دەیانەوێت سوود لە بۆری نەوتی کوردستان وەربگرن

خەلیل غازی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق
خەلیل غازی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی لێژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق دەڵێت: عێراق لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان قازانج دەکات، بۆیە پەلە لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات .

پێنجشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2024، خەلیل غازی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: حکوومەتی عێراق پەلەیەتی نەوتی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکات بۆ ئەوەی فشار  لەسەر بیرەکانی نەوتی بەسرە کەم بێتەوە، دەشڵێت: هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بازاڕێکی نوێیە بەرەو جیهان، دەشڵێت:  حکوومەتی عێراق خەرجییەکی کەم دەکەوێتە ئەستۆی لە گواستنەوەی نەوت بە کەشتی، یاخود گواستنەوەی لەڕێگەی سعوودیە و سووریا.

خەلیل غازی گوتیشی: بۆرییەکانی نەوتی عێراق گەیشتوونەتە دۆخێک کە خەریکە لەکار دەکەون، بۆ ئەوان کێڵگە و بۆرییەکانی نەوتی کوردستان ئامادەن لەگەڵ ئەمبارەکان لە بەندەری جیهان، بۆیە حکوومەتی عێراق پێی وایە، بۆ ئەوان باشترین ئەلتەرناتیفە و قازانج دەکەن نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە.

سێشه‌ممه‌، 5ـی تشرینی دووه‌می 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆ بووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد و یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كان تایبه‌ت بوو به‌ په‌سندكردنی پێشنیازێک بۆ هەموارکردنەوەی ماددەی (12/ب2/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵه‌ ژمارە (13ـی ساڵی 2023).

پێشنیازه‌ په‌سندكراوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماددەی (12/ب2/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵه‌ ژمارە (13ـی ساڵی 2023) ئه‌م خاڵانه‌ی له‌ خۆ گرتووه‌:

1. وەزارەتی دارایی عێراق پابەند دەبێت بە قەرەبوو كردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە خەرجییە "سیادییەكان" بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، بەرانبەر ئەو نەوتەی كە لەلایەن هەرێمەوە بەرهەم دێت و لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نیشتمانی "سۆمۆ" و وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە وەردەگیرێت. 

پێویستە لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سامانە سروشتییەكانی هەرێم بگەنە رێككەوتنێك. 

2. پێویستە لایەنێكی راوێژكاری نێودەوڵەتی بە نزیكەیی بڕی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق دیاری بكات و حكوومەتی هەرێمیش پابەند بێت بە پێیەوە .

3. دەبێت دەستبەجێ نەوتی بەرهەمهێنراو لەلایەن هەرێمەوە بدرێت بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت "سۆمۆ" یا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیشی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی وەك پێشەنكی بۆ هەر بەرمیلێك بە 16 دۆلار دەخەمڵێندرێت دەدرێتەوە بە هەرێمی كوردستان و دوای تەواوبوونی لایەنی راوێژكاری نێودەوڵەتیش بڕی ئەم پارە گۆڕانكاری بەسەردا.